بڕیارە سەرکردەکانی گرووپی حەوت (G7)، کە پێکهاتوون لە حەوت وڵاتی پێشکەوتووی پیشەسازیی جیهان، ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی حوزەیران، لە کاناناسکیسی ویلایەتی ئالبێرتای کەنەدا کۆببنەوە و بابەتی “زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران” بخەنە بەرنامەی کاریانەوە.
کۆبوونەوە فەرمییەکە ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی حوزەیران، بە یەکەم دانیشتنی کاری دەست پێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت چەندین دیداری دوولایەنەش لە پەراوێزەکەیدا بەڕێوە بچن.
سەرکردەکانی حەوت وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکە، وێڕای گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تیشک دەخەنە سەر جەنگی ئۆکراینا، کێشە جیهانییەکانی بواری بازرگانی، کۆچبەری و مسۆگەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە خاوە گرنگەکان.
زلهێزە ئەوروپاییەکان فشار دەکەن بۆ تووندترکردنی سزاکان دژی مۆسکۆ و لەم چوارچێوەیەدا پێشنیارێک بۆ “کەمکردنەوەی نرخی دیاریکراوی نەوتی ڕووسیا لە ٦٠ دۆلارەوە بۆ ٤٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک” خراوەتەڕوو.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، فریدریش مێرتس ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فرەنسا و کیێر ستارمر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە بەشداربووانی دیاری کۆبوونەوەکەن. مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، میوانداریی کۆبوونەوەکە دەکات.
وەک ساڵانی ڕابردوو، سەرکردەی وڵاتانی دەرەوەی گرووپی حەوتیش بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کراون، لەوانە سەرۆکی حکومەتەکانی مەکسیک، هیندستان، کۆریای باشوور، ئەفریقای باشوور، ئوسترالیا و ئیندۆنیزیا.

