دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند، سێ کەسیان لە یەکێک لە شارەکانی ناوەڕاستی ئەو وڵاتە دەستگیر کردووە بە تۆمەتی ئەوەی “سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا” بوون و ویستوویانە هێرشێکی چەکداری بکەنە سەر کارگەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی “تەسنیم”، هێزە ئەمنییەکانی ئێران پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، پیلانەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە و ڕێگرییان لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “دەستگیرکراوەکان بەنیاز بوون ئۆپەراسیۆنێکی تێکدەرانە ئەنجام بدەن، کە ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی دەخستە مەترسییەوە و زیانی بە دامەزراوە ستراتیژییەکان دەگەیاند.”
بەرپرسانی ئێرانی ڕایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەو تۆڕەی سەر بە ئەون و هەروەها پەیوەندییە ئەگەرییەکانیان لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان.
جێی ئاماژەیە، لەوەتەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستی پێ کردووە، سەدان کەس لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەستگیر کراون. هەفتەی ڕابردووش سێ کەسی دیکە بە هەمان تۆمەت لە ئێران لەسێدارە دران.
هەواڵی پێشوو

