zagros news agency

لێدوانی جیاوازی سەرۆک‌کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەمریکا

 

لە کاتێکدا مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئامادەیی تارانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاندووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە جەخت دەکاتەوە لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ واشنتن لە ئارادا نییە.
پزیشکیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، وێڕای دەستخۆشی لە پشتیوانییەکانی ڕیاز لە ماوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گوتی: “کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە کێشەکانی نێوان خۆی و ئەمریکا لە چوارچێوە نێودەوڵەتییەکاندا و لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکات.” ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر خاکی ئێران کرد و هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە قەتەر، بە وەڵامێک بۆ ئەو دەستوەردانە ڕاستەوخۆیە ناوبرد.

لە بەرانبەردا، عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “ئەلعرەبی ئەلجەدید” ڕایگەیاند: “لە ئێستادا نیازی گفتوگۆمان لەگەڵ ئەمریکا نییە، چونکە دۆخ و زەمینەی پێویست بۆ گفتوگۆیەکی لەو شێوەیە بوونی نییە.” عێراقچی جەختی کردەوە، ئێران چاوەڕوانی دیاریکردنی سیاسەتەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکایە و دوای ئەوە بڕیار لەسەر شێوازی مامەڵەکردن دەدات.
ئەم جیاوازییەی ئاوازی نێوان سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزارەتی دەرەوە، لە کاتێکدایە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت عەرەبستانی سعوودی، پێشوازییان لە دەستپێکردنی خێرای گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن کردووە. بن سەلمان لە هەمان پەیوەندیی تەلەفۆنیدا هیوای خواست، گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە زووترین کاتدا دەست پێ بکەن و بگەنە ئەنجام.

هەواڵی پەیوەندیدار

هه‌ولێر .. فێستیڤاڵێكی تایبه‌ت به‌ کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکان به‌ڕێوه‌چوو

سەڵاح

سه‌رۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا دەکات

یاسین

لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەبەسرە 8 زیارەتکار مردن و 40ی دیکەش برینداربوون

سەڵاح