zagros news agency

ئەمریکا هۆشداری دەدات و هاککەرانی سەر بە ئێران هەڕەشە لە ترەمپ دەکەن

 

دامەزراوە فیدراڵییەکانی ئاسایشی سایبێری و پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا (FBI) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هۆشدارییان لە زیادبوونی هێرشی ئەلیکترۆنیی گرووپە هاککەرەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی وڵاتەکەیان دا. هاوکات گرووپێکی هاککەری ئێرانی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دۆسیەی نهێنیی کەسانی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئیسرائیل، مەترسیی هێرشی سایبێری لەلایەن گرووپە هاککەرەکانی سەر بە ئێرانەوە بەردەوامە. ئەو گرووپانە هەوڵ دەدەن ژێرخانە گرنگەکانی ئەمریکا، لەوانە کەرتی کارەبا، گواستنەوە و ناوەندە ئابوورییەکان پەک بخەن. هەروەها ئەو کۆمپانیایانەش دەکەنە ئامانج کە لە بواری بەڵێندەرایەتیی بەرگریی سەربازیدا هاوکاریی ئیسرائیل دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، تۆڕێکی هاککەری ئێرانی لە ڕێگەی ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە پەیامێکیان ئاراستەی ئەمریکا کردووە و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ١٠٠ گێگابایت زانیاریی نهێنیی کەسانی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ بڵاو دەکەنەوە.
کەسێک بە ناوی خوازراوی “ڕۆبێرت” بە نوێنەرایەتیی هاککەرە ئێرانییەکان بە ڕۆیتەرزی گوتووە، زانیاریی نهێنیی چەندین کەسی نزیک لە ترەمپیان لەلایە، لەوانە: سوزی وایڵز (کارمەندی کۆشکی سپی)، لیندزی هالیگان (پارێزەری دۆناڵد ترەمپ)، ڕۆجەر ستۆن (ڕاوێژکاری پێشووی ترەمپ) و ستۆرمی دانیێڵز (ئەکتەری فیلمە پۆرنۆگرافییەکان).
ئاژانسی ئاسۆشیەیتد پرێسیش ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەری هەیە بەشێک لەو گرووپە سایبێرییانە پەیوەندیی سنوورداریان بە حکوومەتەکانەوە هەبێت و هێرشە ئەلیکترۆنییەکان وەک جێگرەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەکار بهێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ چل و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

یاسین

گوتێرێس پێشوازی لە بەڵێنی پاراستنی هاووڵاتیان له‌لایه‌ن حکوومەتی کاتیی لە سووریا کرد

سەڵاح

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لیستی نوێى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤) بڵاودەکاتەوە

یاسین