ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا ئاشکرای کردووە، ئەو لایەنانەی ئێستا حکوومەتی قۆناغی گواستنەوەی سووریا پێک دەهێنن، لەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکارییانەی بەرانبەر بە پێکهاتەی عەلەوی لە ناوچە کەناراوییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام دراون, بەرپرسن.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە، نزیکەی ١٢ یەکەی سەربازی، ئێستا لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی سووریادان، بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی عەلەوی فەرمانی ڕاستەوخۆیان وەرگرتووە. لێکۆڵینەوەکە وردەکاریی ڕووداوەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سووریای خستووەتە ڕوو و جەختی کردووەتەوە کوشتارەکە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەو فەرماندانە بووە کە ئێستا پۆستیان لە وەزارەتی بەرگریی سووریادا هەیە.
ئاماژە بەوەش دراوە، هەندێک لەو یەکانە پێشتر لەنێو “دەستەی تەحریری شام”دا بوون و هەندێکی دیکەیان لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێ دەکرا، وەک گرووپەکانی “سوڵتان سولەیمان شا” و “حەمزات”. هەروەها گرووپی “جەیشولئیسلام” و چەکدارە بیانییەکانیش بەشدارییان لەو تاوانانەدا کردووە، کە هەموویان لە لیستی سزادراوی نێودەوڵەتیدان.
لێکۆڵینەوەکەی ڕۆیتەرز دەستنیشانی کردووە کە دەزگەی ئاسایشی گشتیی سووریا ڕاستەوخۆ دەستی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤدا هەبووە. لە نێوان ٧ بۆ ٩ی ئاداری ڕابردوودا، نزیکەی ١٥٠٠ هاووڵاتیی عەلەوی لە ٤٠ ناوچەی جیاوازدا کوژراون و چارەنووسی دەیان کەسی دیکەش تا ئێستا نادیارە.
دوای ڕووداوەکان، سەرۆکی حکوومەتی قۆناغی گواستنەوەی سووریا فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دەرکرد و مانگێکی بۆ دیاری کرد تا ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بکات، بەڵام لیژنەکە لە کاتی دیاریکراودا ڕاپۆرتەکەی ئامادە نەکرد، ئەمەش وای کرد ماوەی کارکردنی بۆ سێ مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە.

