ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، دوابەدوای زیادبوونی بەرچاوی دیاردەی خۆڵبارین لە بەشێکی فراوانی وڵات و بەرزبوونەوەی خەستیی گەردیلە هەڵپەسێردراوەکان لە هەوای تاران، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی تەمموز، “دۆخی ئاگادارکردنەوە”ی ڕاگەیاند.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بە بەشداریی نوێنەرانی ڕێکخراوی کەشناسی، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، جێگری پێشبینی و ئاگادارکردنەوەی ڕێکخراوی کەشناسی و هەروەها جێگری کۆمپانیای کۆنتڕۆڵکردنی کوالێتیی هەوای شارەوانیی تاران بەڕێوە چوو.
ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە داوای لە هاووڵاتییان کرد لە ڕۆژانی بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبووندا لە هاتوچۆی ناپێویست خۆیان بەدوور بگرن و توێژە هەستیارەکان وەک بەساڵاچووان، منداڵان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی هەناسەیان هەیە، نەچنە دەرەوە و لە شوێنی کراوەدا نەمێننەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی “ڕێکارە کورتخایەنەکان” وەک ئاگادارکردنەوەی خێرای هاووڵاتییان، بەهێزکردنی سیستەمی هۆشداریی خێرا، سنووردارکردنی چالاکییەکان لە شوێنی کراوە لە کاتی ناساغڵەمیی کەشوهەوا و هەروەها “ڕێوشوێنی درێژخایەن” وەک “بەهێزکردنی پۆشاکی ڕووەکی لە ناوچە قەیراناوییەکان، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و پەرەپێدانی هاریکاریی نێوان دامەزراوەکان” کرا.
هاوکات، پیسبوونی هەوا پارێزگای خوزستانیشی گرتووەتەوە و ئاستی کوالێتیی هەوا بەتایبەتی لە شارەکانی ئابادان و خوڕەمشار گەیشتووەتە “دۆخی سوور و ناساغڵەم بۆ هەموو توێژەکان”. هەروەها لە شارەکانی ئاغاجاری، ئەندیمشک، ئەهواز، ئیزە، بێهبەهان، دزپارت، دزفوول، ڕامهورمز، شووش، گەتوەند، لالی، مەسجد سولەیمان، هندیجان و هۆوەیزە دۆخی هەوا بە “پرتەقاڵی و ناساغڵەم بۆ توێژە هەستیارەکان” ڕاگەیەندراوە.
هەواڵی پێشوو

