zagros news agency

ئەمریکا دەستەی تەحریرولشام لە لیستی تیرۆر دەردەکات

 

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاری دەرکردنی “دەستەی تەحریرولشام”ی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دا. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەم بڕیارەی بە “هەنگاوێکی گرنگ” بۆ گەیشتن بە “کۆمەڵگەیەکی ئارام و یەکگرتوو لە سووریا” ناوبرد. ئەم ڕێکخراوە کە پێشتر وەک لقی فەرمیی ڕێکخراوی قاعیدە لە سووریا دەناسرا، ئێستا دەسەڵاتی باڵای ئەو وڵاتەیە.
پڕۆفایلی دەستەی تەحریرولشام:
سەرەتای دامەزراندن (٢٠١١): ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠١١ بە ناوی “بەرەی نوسرە” و بە سەرکردایەتیی ئەبو محەمەد جۆلانی دامەزرا. وەک لقی فەرمیی ڕێکخراوی قاعیدە لە سووریا، ئامانجی سەرەکیی شەڕکردن بوو لە دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد لەژێر چەترێکی جیهادیی جیهانیدا.

جیابوونەوە لە قاعیدە (٢٠١٦): لە مانگی تەممووزی ٢٠١٦، جۆلانی جیابوونەوەی لە قاعیدە ڕاگەیاند و ڕێکخراوێکی نوێی بە ناوی “بەرەی فەتحولشام” دامەزراند.
دامەزراندنی تەحریرولشام (٢٠١٧): لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧، “دەستەی تەحریرولشام”ی ڕاگەیاند، کە ژمارەیەک گرووپی چەکداریی ئۆپۆزسیۆنی سووریایی لەخۆ گرت و لەو کاتەوە دەستی بە وازهێنان لە هەندێک ئاراستەی توندی جیهادی کرد.
قۆناغی حوکمڕانی (٢٠١٧-٢٠٢٤): لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٤، دەسەڵاتی لە پارێزگای ئیدلب و دەوروبەری دامەزراند و “حکوومەتی ڕزگاری”ی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان پێک هێنا. لەم ماوەیەدا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی “کەمکردنەوەی گرژییەکان” چەندین ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا و ڕووسیا ئەنجام دا.
هەڵمەتی ٢٠٢٤ و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد: لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن و بە پشتیوانیی تورکیا، هەڵمەتێکی بەرفراوانی لە دژی ڕژێمی ئەسەد دەست پێ کرد و توانی لە ماوەیەکی کورتدا کۆنترۆڵی زۆربەی خاکی سووریا لە حەلەبەوە تا دیمەشقی پایتەخت بکات. لە ئێستادا تەنها ناوچەکانی باشوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر دەسەڵاتی ئەودا نین.
دۆخی ئێستا: دەستەکە حکوومەتێکی گواستنەوەی پێکهێناوە و ئەحمەد شەرع (ناوی ڕاستەقینەی ئەبو محەمەد جۆلانی) سەرۆکایەتیی قۆناغی گواستنەوە دەکات. هەروەها “سوپای نوێی سووریا”ی ڕاگەیاندووە کە ژمارەی چەکدارەکانی بە ٤٠ بۆ ٦٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.
سەرەڕای بڕیارەکەی ئەمریکا، دەستەی تەحریرولشام هێشتا لای یەکێتیی ئەورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕووسیا، بەریتانیا، کەنەدا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی جوداخوازانی باشووری یەمەن ‘بە یارمەتیی ئیمارات لەو وڵاتە هەڵات’

سەڵاح

پاكستان… یاخیبووان لانیکەم 30 کەس دەکوژن

سەڵاح

سەڵاح