zagros news agency

زنجیرەیەک تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە شارەکانی ئێران روویاندا

زنجیرەیەک تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە شارەکانی ئێران
هاوکات لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەیەکی بازرگانی لە مەشهەد، بەرپرسانی ئێران هۆکاری زنجیرە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بۆ کێشەی تەکنیکی دەگێڕنەوە، بەڵام هاووڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گومانیان لە “دەستی دەرەکی” هەیە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٥، ئاگرێکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەیەکی بازرگانی لە گۆڕەپانی ١٧ی شەهریوەری شاری مەشهەد کەوتەوە و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی مەشهەد ڕایگەیاند، ئاگرەکە لە نهۆمی ژێرزەمین و لە بەشی فرۆشتنی کەلوپەلی جوانکاری دەستی پێ کردووە و بەهۆی سرووشتی ماددەکانەوە بەخێرایی تەشەنەی کردووە.
بە گوێرەی میدیا خۆجێییەکان، زیاتر لە ٢٥٠ ئاگرکوژێنەوە لەگەڵ ٥٠ ئۆتۆمبێل لە ٤٠ وێستگەوە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە پاش چوار کاتژمێر کاری بەردەوام ئەنجام دراوە.
هاوکات، ڕاپۆرتەکان باس لە ڕووداوی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی هاوشێوە لە شارەکانی دیکەی ئێران وەک تاران، قوم، کەرەج و تەورێز دەکەن. ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران لە زاری دامەزراوە بەرپرسەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە هەموو ڕووداوەکان بەهۆی “دزەکردنی گاز و کۆنیی دامەزراوەکانەوە” بووە و هیچ کامیان لایەنی “ئەمنیی” یان “تیرۆرستییان” نەبووە.
سەرەڕای جەختکردنەوەی بەرپرسانی ئێران لەسەر هۆکاری تەکنیکی، شەپۆلێکی بەرفراوانی گومان و دەنگۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست بووە. هەندێک لە بەکارهێنەران بە ئاماژەدان بە کاتی ڕووداوەکان کە کەوتووەتە دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەگەری “دەستێوەردانی دەرەکی” و “تێکدەری” دەخەنە ڕوو. بۆ نموونە، لەبارەی تەقینەوەی تاوەرەکانی پامچال لە چیتگەری تاران، هەندێک بەکارهێنەر بەو پاساوەی کە ئەو کۆمەڵگەیە سیستەمی گازی نییە، ڕوونکردنەوەی فەرمیی دەسەڵاتدارانیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئینریکی هەڕەشەی سزادانی لەسەرە

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە جێگیری ماوەتەوە

سەڵاح

هەردوو هۆڵى “نەشتەرگەری و چاودێری چڕ”ى لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری کرایه‌وه‌

سەڵاح