بەگوێرەی ڕاپۆرتی مێدیاکانی ئێران، بازاڕی پەمپی ئاو لە هاوینی ئەمساڵدا بەرزبوونەوەی نرخ و زیادبوونی جۆراوجۆریی مۆدێلەکانی بەخۆیەوە بینیوه. نرخی پەمپە ماڵییەکان بە توانای نیو ئەسپ، کە بۆ یەکەی نیشتەجێبوونی یەک یان دوو نهۆمی گونجاون، لە نزیکەی ٣.٥ ملیۆن تمەنەوە دەست پێ دەکات و لە مۆدێلە بەرزەکاندا دەگاتە ٨.٥ ملیۆن تمەنیش.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی حکوومەتی پزیشکیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پچڕانی بەردەوامی ئاو ئامۆژگاریی خەڵکیان کردووە ، کەڵک لە تانکی و پەمپ وەربگرن.
پێشتر، سەعید سلێمانیها، پسپۆڕی بواری ئاو لە “نێوەندی کاروباری پێڕاگەیشتن بە دۆخی ئاو”، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “پەیام ما” گوتی، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر پەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نرخەکان لە پڕدا ٢٠٪ بەرز بوونەتەوە. بە گووتەی ئەو، بۆ باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی، کڕینی پێداویستییەکانی پەمپ و تانکی ڕەنگە تێچووهكهی بگاته ٦٥ ملیۆن تمهن.
ناوبراو زیادی کرد، هەرچەندە کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆ ئامۆژگاریی خەڵک دەکات پەمپ و تانکی دابنێن، بەڵام هەر هەمان کۆمپانیا ئەم کارە بە پێشێلکردنی ڕێنماییەکان دەزانێت و سەرپێچیکاران سزا دەدات.
سلێمانیها هۆشداریی دا و گوتی: “ئەم سیاسەتە بە تەواوی دژی ئامانجی دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاوە. هەرکەس پارەی هەبێت، ئاوی دەبێت و هەرکەس نەیبێت، بێ ئاو دەبێت.”
هەواڵی پێشوو

