zagros news agency

دانیشتووانی سوەیدا: تا ئاسایشمان مسۆگەر نەکرێت چەک دانانێین

خەڵکی پارێزگای سوەیدای سووریا ڕایدەگەیەنن، چەکەکانیان دانانێن تا ئەو کاتەی ئاسایشی خۆیان و شارەکەیان مسۆگەر دەکەن و دەوڵەتێک دێتە ئاراوە کە پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و مافەکانیان بکات.
دوای دوو هەفتە لە شەڕ و پێکدادانی قورس، شوێنەواری وێرانکاری بەسەر شاری سوەیداوە دیارە. ئۆتۆمبێلی تێکشکاو و سووتاو، باڵەخانەی ڕەشبوو بە دووکەڵی ئاگر و شەقامە چۆڵەکان دیمەنێکی پڕ لە ترسیان دروست کردووە. دانیشتووان دەڵێن هێشتا بۆنی خوێن لە کۆڵانەکان دێت.
ئەم پێکدادانانە لە ئاڵۆزییەکی نێوان خێڵە بەدەوییەکان و دانیشتووە درووزییەکانی ناوچەکەوە سەری هەڵدا و دواتر بە پشتیوانیی سوپای سووریا بۆ خێڵەکان، بووە شەڕێکی گەورە. بەپێی ڕاپۆرت و دیمەنە بڵاوکراوەکان، ئەو هێزانە تاوانی کوشتن، لەسێدارەدان، ئەشکەنجەدان، دزی و تاڵانییان بەرانبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجام داوە.

“چەک دانانێین تا دەوڵەتێکی مافپارێز نەیەت”
تەلال جەرەمانی، یەکێک لە شەڕڤانە درووزییەکان، دەڵێت بە دڵی خۆی چەکی هەڵنەگرتووە، بەڵام ئێستا ئامادە نییە دایبنێت. ئەو دەڵێت: «ئەوەی وای لێ کردین جلی سەربازی لەبەر بکەین و شەڕ بکەین، کارێکی دەرەوەی یاسا بوو. ئەوانەی هێرشیان کردە سەرمان، هیچ شتێکیان نەهێشتەوە و تاوانی وا قورسیان کرد کە وەسف ناکرێن. ئێمە چەکەکانمان دانانێین تا ئاسایش نەبینین؛ تا دەوڵەتێک دێت کە ئاسایشمان بۆ دابین بکات و مافی مرۆڤ بپارێزێت.»
خالید ناسر، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی شارەکە، چیرۆکی هەڵاتنی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «دەرگای ماڵەکەیان بە گوللە شکاند و هاتنە ژوورەوە. من خۆم هەڵدایە باڵکۆنەکە و لە ماڵەوە ڕامکرد. ماڵەکەمیان سووتاند و خەڵکیان لەسەر شەقامەکان سەربڕی و کوشت.»

ترس لە گەڕانەوەی چەکدارەکان
سەرەڕای ئەوەی بە ڕێککەوتنێک شەڕ ڕاگیراوە و چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا لە شارەکە دوور خراونەتەوە، بەڵام دەیان خێزانی مەسیحی کە لە ترسی شەڕ ئاوارە بوون و لە کڵێسایەکدا نیشتەجێن، هێشتا لە گەڕانەوەی چەکدارەکان دەترسن.
وەلا شەماس، یەکێک لە ئاوارەکان، دەڵێت: «دەترسین جارێکی دیکە بگەڕێنەوە و هەست بە ئارامی ناکەین. چەندین جار گوتیان ڕێککەوتن کراوە، بەڵام دووبارە شەڕ هەڵگیرسایەوە و مووشەک دەباری. ئێستا ناتوانم بگەڕێمەوە ماڵەکەی خۆم، چونکە وێران بووە. بیر لەوە دەکەمەوە ئەم شارە جێ بهێڵم، ئیدی ژیان لێرە نەماوە.»
لەژێر فشاری ئیسرائیل و هەڕەشەکانی، حکومەتی سووریا داوای لە چەکدارەکانی و هۆزە عەرەبەکان کردووە هێرشەکانیان بۆ سەر سوەیدا ڕابگرن. ئێستا ڕێککەوتنێک بە گەرەنتیی ئوردن و ئەمریکایی لە پارێزگاکەدا هەیە، کە بەپێی ڕێککەوتنەکە نابێت هێزەکانی حکومەتی سووریا بچنە ناو سوەیداوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

مۆڵەتەکەی ترەمپ بۆ مادۆرۆ کۆتایی هات

سەڵاح

ئیسرائیل فەرماندەیەکی باڵای حەماسی لە باکووری لوبنان کردە ئامانج

سەڵاح

لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا

یاسین