zagros news agency

ڕەوشی دڵتەزێنی ئاوارە درووزییەکانی سوەیدا؛ ماڵەکانیان تاڵان کراوە و کچ و ژنەکانیان ڕفێندراون

 

خێزانە درووزییەکانی گوندەکانی سوەیدا، کە بەهۆی توندوتیژیی شەڕەوە ئاوارە بوون، لە دۆخێکی مرۆیی زۆر سەختدا لە مەزارگە و شوێنە گشتییەکاندا دەژین. ئەوان دەڵێن گرووپە چەکدارەکان بە تانک و زرێپۆشەوە هاتوونەتە ناو گوندەکانیان، ماڵەکانیان وێران کردوون و بە دەیان کچ و ژنیشیان ڕفێندوون.
ژیانی ئاوارە درووزییەکانی پارێزگای سوەیای سووریا، دوای نۆ ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی خوێناوی، وەک فیلمێکی ترسناک وایە. ئەوان لەژێر بۆردومان و گوللەباراندا هەڵاتوون و شایەتحاڵی کوشتنی بەکۆمەڵ، لەسێدارەدانی مەیدانی، تاڵانکردنی ماڵ و موڵکیان و ڕفاندنی دەیان کچ و ژنیان بوون. ئێستا لە دۆخێکی مرۆیی زۆر ناهەموار و بەبێ هیچ یارمەتییەکدا گەمارۆ دراون.
هنێدی ئەلحەلەبی، یەکێک لە ئاوارەکان، گوتی: “بە تانک و زرێپۆشەوە هاتنە ژوورەوە و دەستیان کرد بە ئامانجگرتنی ماڵەکان. ئێمە لەژێر مووشەک و گوللەباراندا دەرچووین. زۆرێک لە ئێمە کوژران و نزیکەی ٨٠ ژنیشیان لە گوندی سەعلێ ڕفاند.”
پەرستگاکان بوونەتە پەناگەی دەیان خێزانی ئاوارەی درووزی، کە بەهۆی دڕندەیی هێرشکارانەوە ناچار بوون تەنیا بە جلوبەرگی خۆیانەوە هەڵبێن و هیچ شتێکیان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پێ نەماوە.
ئاوارەیەکی دیکە گوتی: “بە هەزاران هێرشیان کردە سەرمان، سەد و دوو سەد نەبوون. بۆمب و گوللە وەک باران بەسەرماندا دەباری. ماڵەکانیان سووتاندین و تاڵانیان کردین، هیچ شتێکمان نەما.”
عائیدە علێوی، ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێت: “هیچ شتێکیان بۆ بەجێ نەهێشتین. ماڵەکەم دوو نهۆم بوو، سووتاندیان. باخچە و دووکانی شیرەمەنییەکەشمان سووتێنران. تەنیا بە جلی بەرمانەوە دەرچووین.”
بەپێی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕی پارێزگای سوەیدا، جگە لە کوژرانی زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ کەس، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەسی دیکە.
سەڕەڕای ئەوەی لە ١٩ی تەممووزدا دووەم ئاگربەست لە پارێزگاکە ڕاگەیەندرا و شەڕ ڕاوەستاوە، بەڵام هێشتا شارەکە گەمارۆ دراوە و قەیرانی مرۆیی ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە. هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا، سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانەوە ئازارێکی زۆر دەکێشن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بە فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 690 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

سەڵاح

مه‌رجه‌كانى حه‌ماس بۆ ڕێككه‌وتنى كۆتایی له‌سه‌ر پلانه‌كه‌ى تره‌مپ ئاشكرا ده‌كرێت

سەڵاح

لە بازگەكانی دێگەڵە و سماقووڵی دەست بەسەر ماددەی هۆشبەر گیراوە

سەڵاح