zagros news agency

ژمارەی ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزانەی لە ئاگرەکەی ئاویەردا گیانیان لەدەست دا، گەیشتە سێ کەس

 

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٠، بەهۆی گیانلەدەستدانی خەبات ئەمینی، یەکێکی دیکە لەو چالاکوانە ژینگەپارێزانەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری کێوی ئاویەری سنە چووبوو، ژمارەی گیانلەدەستداوانی ڕووداوەکە گەیشتە سێ کەس.
پێشتر حەمید مورادی و چیاکۆ یوسفی‌نژاد، دوو چالاکوانی دیکەی ژینگەپارێز، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کێوی ئاویەردا گیانیان لەدەست دابوو.
لەمبارەیەوە، بەهزاد شەریفیپوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی سمە بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای گوت: «خەبات ئەمینی، یەکێک لەو چالاکوانە ژینگەپارێزە سنەییانەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی ئاویەردا تووشی سووتانێکی سەخت بووبوو، کەمێک پێش ئێستا بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.»
بە گوتەی شەریفیپوور، خەبات ئەمینی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو (٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٠)، لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزە خۆبەخشە جەماوەرییەکان و چالاکوانانی ژینگەپارێز، بۆ کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە ڕەوانەی ناوچەکە کرابوو و لە کاتی هەڵـمەتەکەدا تووشی سووتانێکی سەخت بوو.
پێشتریش حەمید مورادی و چیاکۆ یوسفی‌نژاد، کە ئەوانیش لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی ئاویەردا تووشی سووتانێکی سەخت بووبوون، یەکەمیان لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا و دووەمیشیان ڕۆژی یەکشەممە (٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٠) گیانیان لەدەست دا.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان ژمارەی بریندارانی ئاگرکەوتنەوەکەی دارستانەکانی کێوی ئاویەری بە هەشت کەس ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش دا دوو کەسی دیکە هێشتا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.
شایەنی گوتنە، قایمەقامی سنە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو (٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٠)، هەواڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی ئاگرەکەی لە بەرزایییەکانی کێوی ئاویەردا ڕاگەیاندبوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

شاندێکی حەماس بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەست سەردانی مسر دەکات

دڵشاد

ئێران ئامادەنیە دەست بە دانوستان بكات

گوران

ئه‌و هۆزه‌ی ئیسرائیل ویستی بیكاته‌ ده‌سه‌ڵاتداری غه‌ززه‌، حەماس سەرکردەکەی کوشت

سەڵاح