ڤینیامین کۆندراتیێڤ، پارێزگاری هەرێمی کراسنۆداری ڕووسیا، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، لە کەناڵی تێلیگرامی خۆی ڕایگەیاند، زیاتر لە ١٢٠ کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرێکی بەرفراواندان کە بەهۆی هێرشی درۆنیی ئۆکرانیاوە بۆ سەر کۆگایەکی نەوتی شاری سۆچی کەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕووسیا و بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی ئاگرکوژێنەوەی شاری سۆچی، ئاگرەکە لە تانکییەکی سووتەمەنیدا بە توانستی ٢٠٠٠ مەتری سێجا لە هەرێمی کراسنۆدار کە سۆچی دەگرێتەوە، دەستی پێ کردووە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە ڕاپۆرتی بەیانیی خۆیدا لە تێلیگرام ڕایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا لە ماوەی شەوی ڕابردوودا ٩٣ درۆنی ئۆکرانیای خستووەتە خوارەوە، کە یەکێکیان لە ناوچەی کراسنۆدار و ٦٠ی دیکەیان لەسەر دەریای ڕەش بوون.
لە لایەکی دیکەوە، ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕۆژی شەممە داوای “بەرزترین ئاستی دانبەخۆداگرتنی سەربازی لە نزیک دامەزراوە ئەتۆمییەکان” کرد. ئەم داواکارییە دوای ئەوە هات کە هێرشێک لە نزیک وێستگەی ئەتۆمیی “زاپۆریژیا” لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕاگەیەندرا.
گرۆسی بە گێڕانەوە لە کارمەندانی وێستگەکە ڕایگەیاند، دامەزراوەیەکی لاوەکی لە نزیک ڕیاکتۆری سەرەکی، کراوەتە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپباران. وێستگەی زاپۆریژیا، کە دەکەوێتە شاری ئینێرهۆدار لە کەناری باشووری ڕووباری دنیپرۆ، بە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەورووپا دادەنرێت و لە مانگی ئاداری ٢٠٢٢ەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕووسیادایە.
هەواڵی داهاتوو

