zagros news agency

وەزارەتی نێوخۆی سووریا: هەوڵێکی بۆمبڕێژکردنی کەنیسەیەک لە تەرتووس پووچەڵ کرایەوە

 

وەزارەتی نێوخۆی سووریا ڕایگەیاند، دوو کەسی سەر بە ڕژێمی پێشوو دەستگیر کراون کە ویستوویانە کەنیسەیەک بکەنە ئامانج و ئاڵای داعشیشیان پێ بووە.
وەزارەتی نێوخۆی سووریا ڕایگەیاند، دوو کەسیان دەستگیر کردووە کە سەر بە هێزەکانی ڕژێمی پێشوون و پلانیان بۆ هێرشکردنە سەر کەنیسەیەک لە شاری تەرتووس دادەڕشت.
وەزارەتەکە ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی: «یەکەی ئەرکە تایبەتەکان، دوای چاودێریکردن و بەدواداچوون، لە بۆسەیەکی ورددا سەرکەوتوو بوو لە دەستگیرکردنی دوو ئەندامی سەر بە یەکێک لە گرووپە نایاساییەکانی ڕژێمی پێشوو، کە لەسەر ڕێگای جێبەجێکردنی کردەوەیەکی تیرۆریستی بوون لە کەنیسەی مار ئەلیاس مارۆنی لە گوندی خڕەیبات، لە ناوچەی ساقیتا لە دەوروبەری تەرتووس.»
هاوکات وەزارەتی نێوخۆی سووریا وێنەی ئەو کەلوپەلانەشی بڵاو کردەوە کە دەستیان بەسەردا گیراوە، لەوانەش بۆمبێکی دەستکرد، بەڵگەنامەی هەڕەشەئامێزی نووسراو و ئاڵای گرووپی “داعش”.
جێی ئاماژەیە، مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، ناوچەی دوێلعە لە دیمەشق، هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر کەنیسەی مار ئەلیاس، کە تێیدا چەکدارێک چووە ناو کەنیسەکەوە و بە تەقەکردن لە ئامادەبووان، بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ٢٥ کەس.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، حکوومەتی نوێی دیمەشق، شانبەشانی مەترسیی هێزەکانی ڕژێمی پێشوو، هێشتا ڕووبەڕووی هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش دەبێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

حكوومەتی عێراق هەڵوێستی فەرمیی لەبارەی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە راگەیاند

سەڵاح

پارێزگارى هەولێر، لە سەر قەڵا پێشوازیى لە شاندی ئیمرالی کرد

سەڵاح

هاکان فیدان: ئاسایش و سەقامگیریی سووریا ڕاستەوخۆ کار لە تورکیا دەکات

یاسین