zagros news agency

مەهەپە: لە پرۆسەی ئاشتیدا سازش نییە؛ کاراییلان: تا ئۆجەلان ئازاد نەبێت متمانە ناکەین

 

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (MHP)، هاوبەشی دەسەڵات، ڕایدەگەیەنێت، لە پرۆسەی ئاشتیدا هیچ جۆرە سازش و مامەڵەیەک لە ئارادا نییە و کۆمیسیۆنێک دەتوانێت یاسایەک بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە دەربکات کە تاوانیان لەسەر نییە. هاوکات جەخت دەکاتەوە، بە پڕۆژەی “تورکیای بێ تیرۆر” پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و عێراقیش دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، موراد کاراییلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (HPG)، ڕایگەیاند، بێمتمانەیی لەنێوان لایەنەکاندا هەیە و تا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە تەواوی ئازاد نەکرێت، هێزەکانیان متمانە بە دەسەڵاتی تورکیا ناکەن.
MHP، هاوشێوەی دەم پارتی و ئاک پارتی، بەمەبەستی خستنەڕووی هەڵوێستی خۆی لەسەر پرۆسەی ئاشتی، دەستی بە کۆبوونەوەی جەماوەری کردووە. سامیح یاڵچن، جێگری سەرۆکی گشتیی MHP، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ئەرزەڕۆم گوتی: “کاتێک پڕۆژەی ‘تورکیای بێ تیرۆر’ جێبەجێ دەکرێت، یەکێتی و سەروەریمان لاواز نابێت… ئەو کەسانەی لە ڕێکخراوی جوداخوازەوە تێوەنەگلاون لە کاری تاوانکاریدا، دەتوانن بەشدار بن و بۆ ئەمەش پێویست بە هەندێک هەموارکردنەوەی یاسایی هەیە.”
بەڵام موراد کاراییلان ڕەخنە لە دەسەڵاتی تورکیا دەگرێت و دەڵێت، بابەتەکە تەنها بە دانانی چەک سنووردار دەکاتەوە. کاراییلان گوتی: “مەراسیمی سووتاندنی چەک بە شێوەیەکی فەرمی و کرداری، کۆتاییهێنان بوو بە ستراتیژی خەباتی چەکداری لە بەرانبەر تورکیا. ئێستا پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت و ڕێبەر ئۆجەلان بە تەواوی ئازاد بکات.”
کاراییلان هەروەها گوتی: “لەنێوان لایەنەکاندا گومان و بێمتمانەیی هەیە. ئەگەر دەوڵەت هەنگاو بنێت، پرۆسەی سووتاندنی چەک بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر پاشگەز بێتەوە، یاسا دەرنەکات و هێرش بکات، ئەوا ئێمەش بەرگری لە خۆمان دەکەین.”
سەبارەت بە دۆخی سووریا، کاراییلان گوتی: “لە سووریا دەستوور و یاسا و متمانە نییە، کەچی دەڵێن با هەسەدە چەک دابنێت. هێرشەکانی سەر عەلەوی و درووزییەکانمان بینی. هەسەدە لە ساڵانی پێشوو بەهێزترە و سیستمەکانی ژێرزەوی و ئاسمانیی پێشخستووە. هەسەدە هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا، بەڵام ئەگەر تورکیا هێرش بکات، بەرگری لە خۆیان دەکەن و تورکیا هەرگیز سەرناکەوێت.”

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەى تۆمار کرد

یاسین

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی رابردوو نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل نەوت بووە

یاسین

سودەكانی بەڕۆژوبوون چین

گوران