لە کاتێکدا تەنها دوو هەفتە ماوە بۆ ئەو مۆڵەتەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ کاراکردنەوەی “میکانیزمی پەلەپیتکە” (سناپباک) و گەڕاندنەوەی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران دیاریان کردووە، تاران هێشتا بڕیاری نەداوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان. ئەمەش ناکۆکیی توندی لەنێوان باڵە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەدا دروست کردووە.
بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران، کە لە ٣١ پارتی سیاسی پێکدێت، لە بەیاننامەیەکدا داوای ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و قبووڵکردنی چاودێریی تەواوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە، لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکاندا. ڕیفۆرمخوازان ڕەخنە لە سیاسەتی “کوشتنی کات”ی حکوومەت دەگرن و هۆشداری دەدەن لە دەرەنجامە کارەساتبارەکانی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان.
لەسەر بەرەی بەرانبەر، یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، ڕایگەیاندووە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە ئارادایە. ئەمیر حەیاتموقەدەم، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێرانیش، بە ماڵپەڕی “دیدەبانی ئێران”ـی گوتووە، سوپای پاسداران توانای هەیە لە ڕێگەی کەشتییەکانییەوە ئەمریکا و ئەورووپا بکاتە ئامانج و شارەکانی وەک واشنتن و نیویۆرک بپێکێت.
هەواڵی داهاتوو

