کۆنگرێسمانێک ستایشی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی دەکات و دەڵێت: پێویستە ڕێز لە قوربانیدان و هاوپەیمانێتی کوردستان بگرین.
سکۆت پێری، کۆنگرێسمانی ئەمریکا رایگەیاند، کوردەکان لە زۆربەی دۆخەکاندا هاوکار و پشتیوانی ئەمەکریکا بوون و هەرێمی کوردستان قوربانیی زۆری داوە. لەم ڕوانگەیەوە، کۆنگرێسمانەکە گوتی: پێویستە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ڕێزلێنانی خۆمان نیشانبدەین بۆ کوردستان، چونکە هاوکاریان کردووین.
سکۆت پێری ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران و واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد و گوتی: ئێمە باس لە پەیوەندییەکی ستراتیژی دەکەین. ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژوەندیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مێژوویەکی درێژی هەیە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا، بەتایبەت لە شەڕی دژی ڕژێمی پێشووی عێراق و دواتریش لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعـ*ـش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەرکەوتووە.

