ماڵپەڕی “خەبەرئۆنلاین”ی ئێرانی، ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥، لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداریی داوە لەبارەی دوو قەیرانی جددیی بواری ئاو لەو وڵاتە و نووسیویەتی، بە گوتەی پسپۆڕان، تەنها چەند ڕۆژێک بۆ وشکبوونی یەکجارەکیی دەریاچەی ورمێ ماوە و ئاستی ئاوی دەریای خەزەریش بە شێوەیەکی نیگەرانکەر ڕووی لە کەمبوون کردووە.
عیسا کەڵانتەری، بەڕێوەبەری پێشووی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، بە ماڵپەڕەکەی گوتووە، ئەو نزیکەی ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوەی لە دەریاچەی ورمێدا ماوە، تا ٢٠ ڕۆژی دیکە دەبێتە هەڵم و بە یەکجاری وشک دەکات. کەڵانتەری هۆشداریی داوە، بە وشکبوونی دەریاچەکە، ١٣ ملیار تۆن خوێ دەبێتە سەرچاوەی تۆزی ژەهراوی و مەترسیی جددی بۆ سەر تەندروستیی دانیشتووانی ناوچەکە دروست دەکات.
هاوکات، سێرگئی شیپۆلین، توێژەرێکی زەریاناسیی ڕووسیایی، ڕایگەیاندووە ئاستی ئاوی دەریای خەزەر ئەمساڵ نزمترین ئاستی لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا تۆمار کردووە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتاییی ئەمساڵ ٢٠ بۆ ٣٠ سانتیمەتری دیکە کەم بکات.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە ٧٠٪ی سەرچاوەکانی ئاوی ئێران بەکار هێنراون، کە بووەتە هۆی وشکەساڵیی بەردەوام و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

