zagros news agency

لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، داوای پەروەردەی فەرمی بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان دەکرێت

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ لە باکووری کوردستان و تورکیا، جارێکی دیکە پرسی نەبوونی پەروەردە بە زمانی کوردی بووەتەوە ڕۆژەڤی سەرەکی. مامۆستایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە زمانی کوردی ببێتە خاوەن ستاتۆ و مامۆستای زیاتری بۆ دابمەزرێت، هاوکات ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هیوادارن پرۆسەی چارەسەری ببێتە هۆی هەنگاوی کرداری بۆ زمانی کوردی.
هەرچەندە لە سیستەمی پەروەردەی تورکیادا وانەی هەڵبژاردەی زمانی کوردی بوونی هەیە، بەڵام مامۆستایان دەڵێن ئەمە چارەسەری کێشەی پەروەردە بە زمانی دایک ناکات. بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی ١٣ ساڵدا تەنیا ٢٥٠ مامۆستای زمانی کوردی دامەزراون، کە ١٠ مامۆستایان وازیان هێناوە و ٤٥ مامۆستای دیکەیان بەشەکەیان گۆڕیوە و ئێستا تەنیا ١٥٠ مامۆستای زمانی کوردی لە کاردان.
هودائی مۆرسومبول، بەرپرسی زمانی کوردی لە یەکێتیی سەندیکاکانی پەروەردەکاران، لەمبارەیەوە گوتی: “ژمارەی قوتابیان زۆرە، بەڵام بەرانبەر بەوە ژمارەی مامۆستایان کەمە. پێویستە لە زانکۆکاندا بەشی زمانی کوردی زیاتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی مامۆستای زیاتر پێبگەیەندرێت. هەروەها دەبێت لە ڕووی یاساییەوە گەرەنتیی پەروەردە بە زمانی کوردی بکرێت.”
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ساڵانێکە بۆ هاندانی قوتابیان بۆ هەڵبژاردنی وانەی کوردی کار دەکەن، ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵ بە ساڵ پێشوازی زیاتر دەکرێت و ئەمساڵ ٥٩ هەزار و ٣٧٢ قوتابی وانەی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە.
مەهمەد سیات ئۆزتورک، بەڕێوەبەری “دڵکورد”**، گوتی: “ئەگەر ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی لاببرێن، بێگومان خێزانە کوردەکان و منداڵەکانیان زیاتر ڕوو لە زمانی خۆیان دەکەن. ئێمە دەبینین کە گرنگیدان بە وانەی هەڵبژاردەی کوردیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.”
ڕێکخراوەکانی تایبەت بە زمانی کوردی ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕەوشی پەروەردە بە زمانی کوردی ئامادە بکەن و پێشکەشی پەرلەمانی تورکیای بکەن، بەو هیوایەی لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورددا هەنگاوی کرداری بنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە بە کۆی دەنگ دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەرێم دەدات

سەڵاح

سزاکانی ئەمریکا پاڵ بە ئێران و وڵاتانی دیکەوە دەنێت پەنا ببەنە بەر دراوی دیجیتاڵی

سەڵاح

کەشناسی : ئەگەری بارینی نمە باران وبەفر هەیە

سەڵاح