zagros news agency

کۆمیسیۆنی ئەوروپا پلانی سزادانی ئیسرائیل دادەڕێژێت

بەهۆی هێرشە قورسەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بەنیازە پلانی سزادانی ئەو وڵاتە پێشکەش بکات. بە گوتەی گوتەبێژێکی کۆمیسیۆن، پلانەکان بژاردەی وەک هەڵپەساردنی هەندێک ڕێککەوتنی بازرگانی لەخۆ دەگرێت.
ئەم پێشنیازە بەشێکە لەو هەنگاوانەی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپاوە ڕاگەیەندرا. ئەم هەنگاوانە ڕاگرتنی پێدانی پارە لە سندوقێکی یەکێتیی ئەوروپا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، گوتی، سزاکانی بازرگانی تێچوویەکی زۆری بۆ ئیسرائیل دەبێت. ناوبراو داوای لە حکوومەتی ئەڵمانیا کرد پشتگیریی ئەم سزایانە بکات. جەختیشی کردەوە هەر کەسێک دژی ئەم هەنگاوە پێشنیازکراوانە بێت لە بەرانبەر کردەوەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، دەبێت بژاردەی دیکە پێشکەش بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوون نییە ئایا ئەم پلانانە دەتوانن پشتگیریی پێویستی ئەنجوومەنی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا بەدەست بهێنن یان نا، چونکە یەکێتیی ئەوروپا لەسەر پرسی ئیسرائیل یەکدەنگ نییە.
هاوکات، هاوپەیمانییەک لە ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەوڵ بدەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوی تیرۆریستیی حەماس. لە بەیاننامەی هاوپەیمانییەکەدا، بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاتووە، وڵاتان دەبێت سوود لە هەموو ئامرازە سیاسی، ئابووری و یاسایییە بەردەستەکانیان وەربگرن. لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە، ئەگەر وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بن لە پابەندنەبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەوا خۆیان دەکەنە هاوبەشی ئەم تاوانە. لەنێو نزیکەی ٢٤ ڕێکخراوی واژۆکاردا، ناوی “پزیشکانی بێ سنوور” و “ئۆکسفام ئینتەرناشناڵ” بەدی دەکرێت.
دوێنێ کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە ئەو ئەنجامەی، ئیسرائیل لە کەرتی غەززە جینۆساید بەرانبەر فەڵەستینییەکان ئەنجام دەدات. بە گوتەی کۆمیسیۆنەکە، چوار لە پێنج پێوەرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەیەوە سەلمێنراون. حکوومەتی ئیسرائیل ڕاپۆرتەکەی بە “ئابڕووبەرانە” ناو برد و ئەندامانی کۆمیسیۆنەکەی بە “هەڵوێستی دژە جوو” تۆمەتبار کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: پرۆسەی ئاشتی کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت

یاسین

عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی دوبه‌ی ڕاگرت

دڵشاد

کەشناسی هەرێم : باران بارین دەست پێدەکات

سەڵاح