zagros news agency

عێراقچی، پەیوەندیی لەگەڵ نوێنەری ئەمریکای بەدرۆ خستەوە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەیەکی کوێتیی ڕەت کردەوە کە باس لە دیداری ناوبراو لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژە ئەتۆمییەکان.
عێراقچی ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: “پێشبینییەکەی ڕۆژنامەی ‘ئەلجەریدە’ی کوێتی هەڵەیە و ڕەتی دەکەمەوە. هیچ پەیوەندییەک لە ئارادا نەبووە.”
ڕۆژنامەی ئەلجەریدە شەوی سێشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاوی کردبووەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا “پەیوەندی” لە نێوان عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆفدا کراوە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر پرسی ئەتۆمی قسە کراوە.
شایەنی باسە، ئەم وتووێژانە دوای هێرشە چاوەڕواننەکراوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە حوزەیرانی ڕابردوودا ڕاگیرابوون؛ هێرشێک بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێک کە بە “شەڕی ١٢ ڕۆژە” ناسرا. لەم شەڕەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداریی لە بۆمبابارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا کرد و دواتر ئاگربەستێکی ناسەقامگیر لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیەندرا.
حەوت وڵاتی پیشەسازیی ناسراو بە “گرووپی حەوت” (G7) لەم دواییانەدا داوایان لە ئێران کردبوو بەبێ دواکەوتن هاوکاریی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بکات و دەستبەجێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەوێتە وتووێژی ڕاستەوخۆوە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە.
بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە، بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوەڕاستی وتووێژەکاندا و هەروەها بەشداریی ئەمریکا لەو شەڕەدا، کە داوای پەکخستنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات، ئامادە نییە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆ بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بوومەلەرزەیەكی بەهێز ڕوویدا

یاسین

وەزیری ناوخۆ : ئیرادەیەكی سیاسی لە بەغدا هەیە بۆ ئەوەی ڕاگرتن و نەناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان بكاتە فشاری سیاسی

یاسین

بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠١٣ەوە، سووریایی دەڕۆن بۆ حەج

یاسین