zagros news agency

ترامپ: ئەوەی لە شەرمەلشێخ ئەنجاممان دا، کارێکی گەورە و گونجاو بوو

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی گەڕانەوەی لە شاری شەرمەلشێخی میسر بۆ واشنتۆن، ڕایگەیاند کە ئەوەی لە کۆبوونەوەی شەرمەلشێخ ئەنجام درا، “کارێکی گەورە و لە کاتێکی گونجاودا بوو.” ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دەستکەوتە ڕێگریی لە کوژرانی ژمارەیەکی زیاتری هاووڵاتییانی بێتاوان کردووە و بەڵێنی ئاشتیی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.
ترامپ ڕۆژی سێشەممە لە وتووێژێکی نافەرمیدا لەگەڵ پەیامنێران لەنێو فڕۆکەی “ئایر فۆرس وەن” گوتی: “من باسی وڵاتێک یان دوو وڵات ناکەم، بەڵکو باسی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەزە دەکەم.”
ترامپ، پێش جێهێشتنی میسر لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، گوتی: “پێکەوە لە کارێکدا سەرکەوتوو بووین کە هەمووان بە مەحاڵیان دەزانی. لە کۆتاییدا ئێمە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەچەسپێنین.”
ئەو دوو جار جەختی لەوە کردەوە کە “ئەم ڕێککەوتنە بەردەوام دەبێت”، کە ئاماژە بوو بۆ پلانەکەی سەبارەت بە ئاگربەست لە کەرتی غەزە و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
کۆشکی سپی پێشتر “بەڵگەنامەی ئاشتیی شەرمەلشێخ”ی بڵاو کردبووەوە؛ بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن سەرکردەکانی وڵاتانەوە لە شاری شەرمەلشێخی میسر واژۆ کرابوو و جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە “ئاشتییەکی بەردەوام” لەنێوان ئیسرائیل و دراوسێکانی، لەوانە فەلەستینییەکان، دەکردەوە.
سەرکردە بەشداربووەکان هەروەها پێشوازییان لە پێشکەوتنەکانی بواری دامەزراندنی ڕێکخستنەکانی ئاشتیی گشتگیر و بەردەوام لە کەرتی غەزە و لە پەیوەندییە دۆستانە و بنیاتنەرەکانی نێوان ئیسرائیل و دراوسێکانی لە ناوچەکەدا کرد و پابەندبوونی خۆیان بە “داهاتوویەکی بنەمادار لەسەر ئاشتییەکی بەردەوام” دەربڕی.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە ترامپ لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی شەرمەلشێخیان کرد؛ کۆبوونەوەیەک کە بە ئامادەبوونی ٣١ سەرکردەی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە چوو.
ترامپ لە شەرمەلشێخ لەگەڵ سەرکردەکانی میسر، تورکیا و قەتەر “بەڵگەنامەی ڕێککەوتنی غەزە”یان واژۆ کرد؛ ڕێککەوتنێک کە بە نێوەندگیریی ئەو بەدەست هات و بووە هۆی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و ئاڵوگۆڕی هەموو دیلە زیندووەکانی نێوان هەردوو لا. ئەو ئەم دەستکەوتەی بە “ڕۆژێکی گەورە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” وەسف کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق دەکات

یاسین

زانكۆیا دهۆك كۆلیژا په‌روه‌ردا جه‌سته‌یی و زانستێن وه‌رزشی خیڤه‌تگه‌ها خۆ یا شازدێ ڤه‌كر

سەڵاح

نەیمار ماڵئاوایی لە هیلال دەکات

یاسین