سەرچاوە نەخۆشخانەییەکانی فەلەستین ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند بەهۆی هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لانی کەم ١٠٠ فەلەستینی کوژراون.
ئەم سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشدا لە دوایین هێرشە ئاسمانییەکاندا، دوو خێوەتی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان لە نزیک نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە دێر ئەلبەلەح لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە و خێوەتێکی دیکە لە گۆڕەپانی شارەوانیی دێر ئەلبەلەح کراونەتە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی چوار فەلەستینی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە.
سوپای ئیسرائیل لە شەوی سێشەممەوە تا بەرەبەیانی چوارشەممە بۆردوومانکردنی بینا نیشتەجێبوونەکان و ماڵەکانی نیشتەجێبوونی ئاوارەکانی چڕ کردووەتەوە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی کوژراوان. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، چەندین کەس هێشتا بێسەروشوێنن و بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان کە بە سەرچاوەی زۆر سنووردارەوە کار دەکەن.
بە گوتەی سەرچاوە فەلەستینییەکان، سوپای ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانیی چڕی بۆ سەر هەشت ماڵ ئەنجام داوە کە بە تەواوی وێران بوون. ئەم هێرشە بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج فەلەستینی لە یەک خێزان. پزیشکانی فەلەستینی پشتڕاستیان کردەوە کە لە نێو قوربانییەکاندا، ١٢ منداڵ بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە هەواڵی گیانلەدەستدانی یەکێک لە سەربازەکانی لە غەززە ڕاگەیاند. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند یۆنا ئەفرایم فێڵدباوم، تەمەن ٣٧ ساڵ، ڕۆژی سێشەممە “لە شەڕێکدا لە باشووری غەززە کوژراوە”.
هەواڵی پێشوو

