zagros news agency

ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، پشتیوانی لە هەڵگرتنی سزاکانی یاسای قەیسەر لە سەر سووریا دەکات و پێشوازی لە وەبەرهێنانەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە دەکات.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەەمەریکا ئاشکرای کردووە، “ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، پشتیوانی لە هەڵگرتنی ئەو سزایانە دەکات کە بەپێی یاسای قەیسەر بەسەر سووریادا سەپێنراون، ئەویش لە ڕێگەی پرۆژە یاسای ڕێگەپێدانی بەرگری نیشتمانی کە ئێستا لەلایەن یاسادانەرانی ئەمەریکاوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.”
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمەریکا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشوازی لە هەر وەبەرهێنەرێک دەکات کە وەبەرهێنان لە سووریا بکات، بەو مەرجەی دەرفەت و هەلی کار بۆ هەموو سووریەک بڕەخسێنێت بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێکی خۆشگوزەران.”
‘یاسای قەیسەر’ یاسایەکی ئەمەریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاوارەکانی سووریا پێوستیان بە 112 ملیۆن دۆلارە

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندی دا لەسەر کەمکردنەوەی باجی مامەڵەی خانووبەرە

سەڵاح

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و بەشداری گفتوگۆی نێوده‌وڵه‌تی بەغدا دەکات

سەڵاح