هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە”، بە پاڵپشتی و هاوکاری تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی بەرفراوانیان لە شاری رەقە دەستپێکرد، کە حەشارگەکانی شانە نهێنییەکانی رێکخراوی داعش دەکاتە ئامانج.
“هەسەدە” لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان دێت بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوەکو لە ناوچەکەدا بە یەکجاری کۆتایی پێ بهێنرێت.
دووپاتیشی کردەوە کە هێزەکانیان توانیویانە ژمارەیەک لە تیرۆریستان بکوژن و دامەزراوە و حەشارگەکانیان وێران بکەن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووه کە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە و پێشهاتەکانی مەیدانی دواتر رادەگەیەنرێن، دوای تەواوکردنی پشکنینی شوێنەکان و پشتڕاستکردنەوەی لەناوبردنی تەواوەتیی هەڕەشەکە.

