zagros news agency

هۆشداریی وشکترین پاییزی ٥٧ ساڵی ڕابردوو لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدرێت

 

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، ئەحەد وەزیفە، سەرۆکی نێوەندی نیشتمانیی کەشوهەوا و بەڕێوەبردنی قەیرانی وشکەساڵیی ئێران، هۆشداریدا کە ئەم وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم وشکترین و گەرمترین پاییزی ٥٧ ساڵی ڕابردوودان. ئەو گوتی نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وڵاتەکە دەچێتە قۆناغێکی لاوازی “لانینا”وە، کە بەزۆری بە کەمیی بارانبارینەوە بەستراوەتەوە.
بە گوتەی ئەو، داتاکانی مانگی دەستکرد لە گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمیی سەر و ژێر ڕووی ئۆقیانووسەکانەوە نیشان دەدەن کە ئەم سووڕی کەشوهەوایە تا زستان بەردەوام دەبێت و زۆرترین کاریگەرییەکەی لە مانگی کانوونی دووەمدا دەردەکەوێت. وەزیفە گوتیشی: “تێکەڵبوونی بارودۆخی ئۆقیانووسی ئارام و گۆڕانی پەستان لەسەر ئۆقیانووسی هیندی بووەتە هۆی ئەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و ئێران ڕووبەڕووی کەمبارانییەکی بەرفراوان ببنەوە.” وەزیفە بە ئاماژەدان بە دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی بەنداوەکان و لێشاوی ڕووبارەکان گوتی: “وڵاتەکە ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی زۆر سەخت بووەتەوە و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە شارە گەورەکانی وەک تاران، تەورێز و مەشهەد کاریگەریی لەسەر دروست بووە. زۆرێک لە ڕووبارە هەمیشەییەکان تووشی کەمئاوییەکی بێوێنە بوون.” ئەو جەختی کردەوە کە ئەم بارودۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و ئاسایشی خۆراک دەبێت. بە گوتەی ئەم بەرپرسە، پێشبینییە وەرزییەکان نیشان دەدەن کە لە زستاندا ڕێژەی بارانبارین بە بەراورد بە پاییز باشتر دەبێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت ساڵێکی پڕباران لەپێش بێت. ئەو ئاماژەی بەوە کرد: “نیوەی ڕۆژهەڵاتی وڵات هێشتا ئەگەری ٣٠ بۆ ٤٠ لەسەد کەمبارانیی ڕووبەڕووە، لە کاتێکدا ڕۆژئاوا و باکووری وڵات بارودۆخێکی ئاساییتر دەبێت.” وەزیفە هۆشداریدا: “بارانبارینی زستان و سەرەتای بەهار ناتوانێت کەمیی بارانبارینی پاییز قەرەبوو بکاتەوە، بۆیە ساڵی ئاوی داهاتوو یەکێک دەبێت لە وشکترین ساڵەکانی ئەم دواییانە.” ئەو داوای لە جووتیاران کرد کە بە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، خۆیان لە چاندنی ئەو بەرهەمانە بپارێزن کە زۆر ئاو بەکاردەهێنن، بەتایبەت لە دەرەوەی پارێزگاکانی باکوور. ئەم بەرپرسەی کەشناسی جەختی کردەوە کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا بارانبارینێکی کاریگەر لە وڵاتدا پێشبینی ناکرێت و بە نزیکبوونەوە لە “ڕۆژی سفری ئاو”، فشار لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات. ئەو گوتیشی: “نیشتنەوەی زەوی لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا لە زیادبووندایە و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو دەبێت ببێتە ئەولەوییەتێکی نیشتمانیی بەپەلە.” “ڕۆژی سفری ئاو” ئەو ڕۆژەیە کە یەدەگی ئاوی ناوچەیەک ئەوەندە کەم دەبێتەوە کە ئاوی بۆری دەبڕدرێت و دابینکردنی ئاو تەنیا لە ڕێگەی پشکپشکێنە و دابەشکردن بە تانکەر یان ناوەندەکانی ترەوە ئەنجام دەدرێت. وەزیفە لە کۆتاییدا گوتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانە تورکیا، ئیمارات و سعوودیەیش ڕووبەڕووی قەیرانی وشکەساڵی بوونەتەوە، بەڵام کاریگەرییەکانی لە هەر وڵاتێکدا بەپێی بارودۆخی کەشوهەوا جیاوازە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیسرائیل دەیان زیندانی فەڵەستینی ئازاد کرد

سەڵاح

فایەق زێدان: لێپرسینەوه له هەموو ئەوانه دەکەین دەستیان به خوێنی ئێزدییەکان سووره

یاسین

چاره‌نووسی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سوریا له‌ مه‌ترسیدایه‌

سەڵاح