حوسێن ئیسماعیلیان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی مەشهەد، ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی تشرینی دووەم، ڕایگەیاند کە یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی مەشهەد “بۆ کەمتر لە سێ لەسەد دابەزیوە” و جەختی کردەوە کە “بارودۆخی ئێستا نیشان دەدات کە بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی ئاو چیتر تەنیا ئامۆژگارییەک نییە، بەڵکوو ناچارییە.”
ئەم بەرپرسەی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی مەشهەد لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “لە ئێستادا، یەکەمایەتیی سەرەکیی ئێمە بەڕێوەبردنی بەکارهێنانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لانیکەم یەک تا دوو مانگی داهاتوو بەبێ کێشەی دابینکردنی ئاو تێپەڕێنین و هیوادار بین بارانبارینی کۆتایی ساڵ یارمەتیدەر بێت.”
ئیسماعیلیان سەبارەت بە “پێویستیی پاشەکەوتکردنی خەڵک”یش گوتی: “ئەگەر خەڵک بتوانن ٢٠ لەسەد پاشەکەوت بکەن، پێدەچێت بتوانین بەبێ پێویستیی ڕێژەبەندکردن یان بڕینی ئاو، بارودۆخەکە بەڕێوە ببەین.” بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی مەشهەد هەروەها گوتی کە “بەکارهێنەرانی زۆرخۆر”، لە ئەگەری بەردەوامبوونی بەکارهێنانی زۆردا “ڕووبەڕووی بڕینی ئاو دەبنەوە.”
ئەم بەرپرسە جێبەجێکارە لە کاتێکدا هەواڵی دابەزینی یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی مەشهەد بۆ کەمتر لە سێ لەسەد و ئەگەری ڕێژەبەندکردن لە ئەگەری بەکارهێنانی زۆردا ڕادەگەیەنێت، کە بەپێی هەواڵەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو، پایتەختی ئێرانیش ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێی قەیرانی کەمئاوی بووەتەوە و بەرپرسانی حکوومیی هۆشدارییان لە ئەگەری ڕێژەبەندکردنی بەرفراوان داوە. ڕاپۆرتەکانی دیکەش ئاماژە بە دەرکەوتنی بنی بەنداوی لاتیان دەدەن بەهۆی کەمیی ئاوەوە. هاوکات، بەرپرسانی ئاوی پارێزگای ئەلبورزیش هەواڵی خاڵیکردنەوەی زیاتر لە ٩٠ لەسەدی بەنداوی کەرەج و مانەوەی تەنیا ٧ لەسەد لە توانای یەدەگییەکەی ڕاگەیاندووە.
هەواڵی داهاتوو

