zagros news agency

تورکیا هەوڵی ڕزگارکردنی نزیکەی ٢٠٠ “هاووڵاتیی مەدەنی” لە تونێلەکانی غەززە دەدات

 

بەرپرسێکی باڵای تورکیا، بە “هاووڵاتیی مەدەنی” ناودێرکردنی نزیکەی ٢٠٠ کەس لە گیراوەکانی نێو تونێلەکانی ڕەفەح، هەوڵەکانی ئەنقەرەی بۆ دڵنیابوون لە “دەرچوونێکی سەلامەت”ی ئەوان ڕاگەیاند. ئەمە لە کاتێک دایە کە فەرماندەی سوپای ئیسرائیل دەڵێت “تیرۆریستەکانی حەماس” دوو ڕێگەیان لەبەردەم دایە: “یان خۆبەدەستەوەدان یان لەناوبردن.”
بەرپرسێکی باڵای تورکیا شەوی یەکشەممە، ٩ی تشرینی دووەم (١٨ی گەڵاڕێزان)، ڕایگەیاند کە ئەنقەرە هەوڵ دەدات پاش گەڕاندنەوەی پاشماوەی جەستەی حەدەر گۆڵدین، دڵنیایی لە “دەرچوونێکی سەلامەت”ی نزیکەی ٢٠٠ “هاووڵاتیی مەدەنی”ی گیراو لە تونێلێک دا لە ڕەفەح بکات. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، تورکیا “پاش هەوڵێکی چڕ کە نیشانەی پابەندبوونی ئاشکرای حەماسە بە ئاگربەست، بە سەرکەوتوویی گەڕاندنەوەی حەدەر گۆڵدینی پاش ١١ ساڵ ئاسان کرد.”
سوپای ئیسرائیل، لە کاتێک دا ناسنامەی حەدەر گۆڵدینی لە پزیشکیی دادی دا پشتڕاست کردەوە، ڕایگەیاند کە جەستەی ئەو ئەفسەرە کە لە جەنگی ساڵی ٢٠١٤ی غەززە دا لەلایەن حەماسەوە کوژرا و پاشان ڕفێنرا، ڕۆژی یەکشەممە پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١١ ساڵ، بۆ ئیسرائیل گەڕێنراوەتەوە.
بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل گێڕانەوەی تورکیایان لەبارەی “هاووڵاتیی مەدەنی” بوونی گیراوەکانی نێو تونێلی ڕەفەح ڕەت کردووەتەوە و گوتوویانە کە ئەم کەسانە گرووپێکن لە “تیرۆریستەکانی حەماس” کە لە تونێلێک دا لە یەکێک لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل لە گەڕەکی “جەنینە”ی ڕەفەح کەوتوونەتە داوەوە. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە وێرانکردنی تونێلەکان لەم ناوچەیە دا؛ ناوچەیەک کە سەرەڕای ئاگربەستی ئێستا بە نێوەندگیریی ئەمریکا، هێشتا وەک خاڵێکی هەستیار دادەنرێت.
حەماس، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە شەڕکەرانی “خۆبەدەستەوە نادەن”، داوای دەستوەردانی نێوەندگیرەکانی کردووە. محەممەد نەزال، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە کاتێک دا داوای دەرچوونی ئەم گرووپە تیرۆریستییەی لە غەززە ڕەت کردەوە، هۆشداریی دا کە ئیسرائیل بەرپرسیار دەبێت لە هەر توندبوونەوەیەکی گرژیی. بەشار بەحبەح، نێوەندگیری فەلەستینیی-ئەمریکی، بە ئاژانسی هەواڵیی سعوودیی “ئەل-حەدەس”ی ڕاگەیاند کە پێشبینیی دەکات “لە ماوەی چەند ڕۆژێک دا” ڕێککەوتنێک بەدەست بێت کە ڕێگە بە تیرۆریستەکان بدات تونێلەکان بەجێ بهێڵن و بگوازرێنەوە بۆ “خاکێکی ئارامی فەلەستینی”.
بنبەستی ئێستا بووەتە تاقیکردنەوەیەکی دیپلۆماسیی نوێ لە ئاگربەستێکی ناسک دا کە مانگی ڕابردوو بە دەستپێشخەریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، واژۆ کرا. تورکیا، میسر و ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆڵیان هەیە لە هەوڵەکان دا بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە هەڵگیرساندنەوەی پێکدادانەکان. پێشبینیی دەکرێت بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە لەم وڵاتە دا لەگەڵ جارد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، ڕاوێژکارانی ترەمپ کە ڕۆڵیان هەبوو لە نێوەندگیریی دا لەبارەی ئاگربەستی سەرەتایی، کۆببێتەوە. هەروەها پێشبینیی دەکرێت واشنتن هەوڵی چارەسەرێک بدات کە نەبێتە هۆی لەناوبردنی تیرۆریستە گیراوەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە. بەپێی ڕاگەیاندنی بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل، ئەیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای ئەو وڵاتە، هەفتەی ڕابردوو بە کابینەی ڕاگەیاندووە کە لەبارەی تیرۆریستەکانی ڕەفەح “هیچ ڕێککەوتنێک” نەکراوە. زەمیر گوتوویەتی: “یان خۆبەدەستەوە دەدەن یان لەناو دەبرێن. ئەگەر خۆیان بەدەستەوە بدەن، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکەین، ئەگینا کارەکە تەواو دەکەین.” بە گوتەی ئاژانسی هەواڵیی ئیسرائیلیی “وای-نێت”، تورکیا بە “هاووڵاتیی مەدەنی” ناودێرکردنی تیرۆریستەکانی حەماس جارێکی تر گرژییەکانی دیپلۆماسیی توند کردووەتەوە و نیشانی داوە کە “تەنانەت زمان خۆشی بووەتە بەرەیەکی جەنگ لە شەڕی پاش جەنگ دا لەسەر داهاتووی غەززە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا

سەڵاح

ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵكۆڵین و گۆڕینی دیمۆگرافیای سلێمانی ده‌گیرێ

یاسین

بەھای دۆلار بەرزبووەوە

یاسین