zagros news agency

پیسبوونی هەوا تاران و شارە گەورەکانی ئێران دەخنکێنێت؛ خوێندن دەکرێتە ئۆنلاین

بەهۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئاستی پیسبوونی هەوا و تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکان، لیژنەی فریاگوزاریی پیسبوونی هەوا لە ئێران بڕیاری دا دەرگای قوتابخانەکان لە تاران و چەندین پارێزگای دیکە دابخات و پرۆسەی خوێندن بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بە شێوەی ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین) بەڕێوە بچێت.
داتاکانی کۆنترۆڵی جۆریی هەوا دەریدەخەن کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، پێوەرەکانی پیسبوون لە تاران گەیشتوونەتە سەرووی ١٥٧ و لە هەندێک ناوچەی قەرەباڵغی شارەکەدا ژمارەی ١٨٠یان تۆمار کردووە. پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تێکڕای پیسبوونەکە لە ١٦٠ تێپەڕ دەکات کە ئەمەش مەترسییەکی جددییە بۆ سەر تەندروستیی هەموو چین و توێژەکان.
لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی و بە ڕەزامەندیی وەزارەتی پەروەردە، بڕیاری داخستنی ناوەندەکانی خوێندن تا ڕۆژی چوارشەممە درێژ کرایەوە. ئەم بڕیارە تەنیا تارانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو پارێزگاکانی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەسفەهان، سیستان و بەلووچستانیشی گرتۆتەوە. هاوکات، بەرپرسانی تەندروستی هۆشدار دەدەن کە تێکەڵبوونی ئەم دۆخە ژینگەیییە لەگەڵ شەپۆلێکی بەهێزی ئەنفلۆنزا، مەترسییەکانی بۆ سەر منداڵان و مێرمنداڵان دوو هێندە کردووە.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، دیاردەی “پەنگخواردنەوەی هەوا” (Temperature Inversion) لە شارە گەورەکانی ئێران ڕوو دەدات. جگە لە هۆکارە سروشتییەکان، بەکارهێنانی سووتەمەنیی کوالیتی نزم (مازوت) لە وێستگەکانی کارەبا و کارگەکان، هەروەها بوونی ملیۆنان ئۆتۆمبێلی کۆن و نائەستاندارد، هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە ژینگەیییەن کە ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس بە نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

په‌یامێك له‌ پارێزگاری هه‌ولێره‌وه‌ به‌بۆنه‌ی كۆتایی ساڵه‌وه‌

سەڵاح

عێراق … سەرژمێری دانیشتوانی دەرەوەی وڵات ناگرێتەوە

یاسین

ئیسرائیل دوو پارێزگای سووریای بۆردومان کرد

سەڵاح