zagros news agency

سێ ئەفسەری پۆلیس لە باکووری ڕۆژاوای پاکستان کوژران

 

لە باکووری ڕۆژاوای پاکستان، تەقینەوەیەکی بەهێزی بۆمبی چێندراو کە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسی کردە ئامانج، بووە هۆی کوژرانی سێ ئەفسەری پۆلیس. ئەم ڕووداوە سێیەمین هێرشی هاوشێوەیە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە پاکستاندا. تەقینەوەکە ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی کانوونی یەکەم، لە دەڤەری “دێرا ئیسماعیل خان” لە ویلایەتی خەیبەر پەختونخوا و نزیک سنووری ئەفغانستان ڕووی دا. ئەفسەرانی پۆلیس گول ئالەم، ڕەفیق، و شۆفێری ئۆتۆمبێلی پۆلیس، ساقی جان، لە ڕووداوەکەدا گیانیان لە دەست دا. ساجاد خان، یەکێک لە بەرپرسانی پۆلیس لەم ویلایەتەدا، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ میدیاکاندا ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەخستە ڕوو و گوتی لێکۆڵینەوەکان لە ئارادان.
تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ. بەڵام موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک گرووپی “تەحریک تاڵیبانی پاکستان”ی بە بەرپرسیار زانی لەم هێرشەدا. تاڵیبانی پاکستان، کە بە ناوی “تەحریک تاڵیبانی پاکستان” ناسراوە، گرووپێکە لە تاڵیبانی ئەفغانستان جیاوازە، بەڵام گوتراوە کە لە هاوپەیمانەکانی حکوومەتی تاڵیبانە لە ئەفغانستاندا. ئەم گرووپە لە ساڵانی ڕابردوودا هێرشەکانی دژی هێزە پاکستانییەکان چڕ کردووەتەوە.
ئەم هێرشە ڕۆژێک دوای ئەوە ڕووی دا کە گرووپێک لە چەکداران هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی حکوومی لە شاری بەنوو لە باشووری ویلایەتی خەیبەر پەختونخوا و تێیدا ئەو بەرپرسە، دوو پاسەوانەکەی، و ڕێبوارێک کوژران. پاکستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیادبوونی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی بە خۆیەوە بینیوە. ئەم پرۆسەیە گرژییەکانی لەگەڵ ئەفغانیستانیش زیاتر کردووە. ئیسلام ئاباد “تەحریک تاڵیبانی پاکستان” تۆمەتبار دەکات کە لە کاتی بەدەسەڵات گەیشتنی تاڵیبانی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١ەوە، خاکی ئەفغانیستان وەک “پەناگەیەکی ئارام” بەکار دێنێت. ئەم تۆمەتەش تاڵیبان لە کابول ڕەتی دەکاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە هەولێر پێنج پرۆژەی نوێ بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینارجێبەجێ دەکرێن

یاسین

سێ کەس تووشی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە بوون

سەڵاح

نێردراوی ترەمپ: عێراق پێویستی بە چاکسازیی بنەڕەتی هەیە

یاسین