zagros news agency

‎ترەمپ: لە زێلێنسکی نائومێد بووم

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نیگەرانیی خۆی لە خاویی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەردەبڕێت و ڕەخنە لە سەرۆکی ئۆکرانیا دەگرێت.

دۆناڵد ترەمپ لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی ساڵانەی خەڵاتەکانی “سەنتەری کێنێدی”، لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا ئاشکرای کرد کە پەیوەندی بە هەردوو لایەنی شەڕەکەوە کردووە.ترەمپ وتی: “تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا لەگەڵ سەرۆک پوتن و سەرکردەکانی ئۆکرانیا قسەم کردووە، لەنێویاندا زێلینسکی.”وتیشی: “دەبێت بڵێم کەمێک بێ هیوا بووم لەوەی زێلێنسکی تەنانەت تا ئێستا پێشنیازەکەی ئەمەریکای لەبارەی ئاشتیی ئۆکرانیا بە تەواوی نەخوێندووەتەوە.”

ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی شەممە (٦ی کانوونی یەکەم)، دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا کە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری تێدا کردبوو، بەبێ هیچ پێشکەوتنێکی دیار کۆتاییان هات، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا بەڵێنی ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتری داوە بۆ گەیشتن بە “ئاشتییەکی ڕاستەقینە”.

لەلایەکی دیکەوە و پێش دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا، هەریەک لە (ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر)، نوێنەرانی ئەمەریکا لە کرێملین لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆبوونەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، مۆسکۆ بەشێک لەو پێشنیازانەی ڕەتکردۆتەوە کە لە پڕۆژەکەی ئەمەریکادا هاتوون.

ئەو پلانەی ئەمەریکا کە مانگی ڕابردوو خرایەڕوو و چەند گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی چاودێران بووەتەوە. بەشێک پێیان وایە پلانەکە بۆ ڕووسیا “زۆر نەرم و نیانە”، لە بەرامبەردا فشارێکی توند دەخاتە سەر ئۆکرانیا بۆ ئەوەی لەپێناو ڕاگرتنی شەڕەکەدا، دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی ببێت و چاوپۆشی لە چەند مافێکی دیکەی وڵاتەکەی بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچی هه‌میشه‌ یه‌كه‌م سێشه‌ممه‌ی مانگی تشرینی دووه‌م هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت؟

سەڵاح

مامەڵەكردن بە كارتی دەنگدان لە عێراق بەردەوامە و كۆمسیۆن هەڕەشە دەكات

سەڵاح

چاککردنەوە و قیڕتاوکردنی هەردوو سایدی شەقامی سەرەکی هەولێر _ گوێڕ جێبه‌جێ ده‌كرێت

سەڵاح