zagros news agency

ئێران نزیکەی پێنج ملیۆن هاووڵاتیی ئەفغان میوانداریی دەکات و پرۆسەی دەرکردنیشی چڕ دەکاتەوە

 

ڕاپۆرتێکی فەرمیی وەزارەتی نێوخۆی ئێران ئاشکرای دەکات لە ئێستادا نزیکەی پێنج ملیۆن هاووڵاتیی ئەفغانستان لەم وڵاتەدا دەژین.
نادر یار ئەحمەدی، سەرۆکی ناوەندی کاروباری هاووڵاتییانی بیانی و کۆچبەرانی وەزارەتی نێوخۆ، گوتوویە پێشتر ژمارەی هاووڵاتییانی ئەفغانی گەیشتبووە شەش ملیۆن و سەت هەزار کەس، بەڵام تاکوو ئێستا یەک ملیۆن و شەش سەد هەزار کەس لەوان “دەرکراون”. یار ئەحمەدی ئاماژە بەوەش دەکات نزیکەی چوارسەد هەتا پێنجسەد هەزار کەس وەک “ژمارە نیشتەجێکانی سەرهەڵگر” هەژمار دەکرێن، واتە ئەو کەسانەی دوای دەرکردن جارێکی تر دێنەوە ئێران.
بەپێی گوتەی نادر یار ئەحمەدی، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە هاتنی “هاووڵاتییانی نایاسایی ئەفغان بۆ ئێران زیاتر بووە”. ئەم دەرکردنانە لە مانگەکانی ڕابردوودا خێراتر بوونە، بەتایبەتی دوای ململانێکانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ دا. هەروەها، ڕاپۆرتی جیاواز ئاماژە بەوە دەکەن فشارە ئابوورییەکان و نیگەرانییە ئەمنییەکان، لەوانە تۆمەتە بێ بنەماکان دژی پەنابەران کە گوایە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەکەن، هۆکاری سەرەکیی چڕبوونەوەی ئەم پرۆسەی دەرکردنەن. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانییان لەبارەی چۆنییەتیی دەستگیرکردن و ئازار و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییانی ئەفغانی لە کاتی دەرکردنیان لە ئێران دەربڕیوە. ئامانجی ئێران دەرکردنی نزیکەی چوار ملیۆن هاووڵاتیی ئەفغانی دیکەیە لە وڵاتەکە.
بەپێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ٧٥٠,٠٠٠ پەنابەری ئەفغانیی تۆمارکراو لە ئێراندا هەبوون، جگە لە نزیکەی ٢.٦ ملیۆن ئەفغانیی ناڕێکخراو کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا سەرژمێری کران. دەرکردنەکان ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیشی گرتووەتەوە و ئەمەش قەیرانێکی مرۆیی لەسەر سنوورەکان دروست کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سکرتێری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران له یەکەم سەردانی گەیشته بەغدا

یاسین

نرخی كاره‌بای موه‌لیده‌ دیاریكرا

یاسین

بەهۆی سکاڵایەکی ریال مەدرید و پێرێز کەسێکی باڵا سڕ دەکرێت

یاسین