zagros news agency

ئیسرائیل داوا ده‌کات پڕۆژه‌ ناوکییه‌که‌ی ئێران ده‌ست پێنه‌کاته‌وه‌

دەیڤید بارنێع، سه‌رۆکی موسادی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە‌ی ڕابردوو له‌ وتارێکدا له‌ شاری قودس ڕایگەیاند ئیسرائیل دەبێت “دڵنیا بێتەوە” له‌وه‌ی ئێران پڕۆژه‌ ناوکییه‌که‌ی خۆی ده‌ست پێ ناکاته‌وه‌. بارنێع گوتی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا “بیری درێژه‌دان بە پەرەپێدانی بۆمبێکی ناوکی” لە مێشکدایە. ئەو جەختی کردەوە ئیسرائیل، بە هاوکاریی نزیک لەگەڵ ئه‌مریکایییەکاندا، بەرپرسیارێتیی ئەوەی لەسەر شانە دڵنیا بێتەوە “پڕۆژه‌ ناوکییەکە، کە زیانێکی زۆری پێ گەیشتووە، هەرگیز چالاک نەبێتەوە.”
سه‌رۆکی موساد گومانی لە هەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران دەربڕی و ڕایگەیاند “ئێران پێی وایە دەتوانێت جارێکی تر جیهان فریو بدات” و “ڕێککەوتنێکی خراپ جێبەجێ بکات.” بارنێع دووپاتی کرده‌وه‌ ئیسرائیل ڕێگە نادات “ڕێککەوتنێکی خراپ بێتە دی.”
وڵاتانی ڕۆژاوا ماوەیەکی زۆرە ئێران تۆمەتبار دەکەن بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی و هه‌وڵیان داوه‌ ڕێگری لێ بکەن، بەڵام بەرپرسانی تاران هەمیشە ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە و دەڵێن پڕۆژه‌ ناوکییەکەی ئێران مەبەستی ئاشتییانەی هەیە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) پێشتر ڕای گەیاندبوو ئێران یۆرانیۆمی تا ئاستێک پیتاندووە کە هیچ بەکارهێنانێکی ئاشتییانەی نییە و ڕێگری لە پشکنەرانی نێودەوڵەتی کردووە. هەروەها، ئاژانسەکە ڕایگه‌یاندبوو کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە ڕێژەی ٦٠%ـی پاکی، کە نزیکە لە ئاستی چەکی ناوکی، بۆ چەندین چەکی ناوکی بەسە.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥، لە جەنگێکی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، سوپای ئه‌مریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئه‌مریکا، سێ وێستگەی سەرەکیی ناوکیی ئێرانی لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان بۆمباران کرد. ترەمپ گوتی بەو بۆمبارانکردنە پڕۆژه‌ ناوکییەکەی ئێران بە تەواوی وێران کراوە. به‌ڵام وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا (پێنتاگۆن) هەڵسەنگاندنی کردووە و ده‌ریخستووه‌ کە پڕۆژه‌ ناوکییەکەی ئێران نزیکەی دوو ساڵ دوا خراوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە (ڕۆژی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە) لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگه‌یاند ئه‌مریکا و ئیسرائیل “زیانێکی جددییان” بە وێستگە ناوکییەکانی ئێران گه‌یاندووه‌. ئەو گوتی “هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆمی ڕانەگەیەندراو لە ئێراندا نییە. هەموو وێستگەکانی ئێمە لە ژێر چاودێری و پاراستنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان.” عێراقچی ئاماژەی بەوەش دا پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێراندا ڕاوەستاوە چونکە وێستگە ناوکییەکانی “هێرشیان کراوه‌تە سەر.” ئەو جەختی لە مافی ئێران کردەوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە و ئەو مافەی بە “نکووڵی لێ نەکراو” و “لێ نەسێنراو” وەسف کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

نێچیرڤان بارزانی سوپاسى باڵيۆزى هيندستان ده‌كات

یاسین

لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەحرەین بەڕێوەدەچێت

سەڵاح

ئەمشەو ڕیال مەدرید بەرامبەر برێست یاری هەیە و دەبێت براوە بێت

یاسین