لە ماوەی ساڵێکدا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، پەنجا گۆڕی بەکۆمەڵ لەم وڵاتە دۆزراونەتەوە و ڕوفاتی ٢٨٦٥ کەسیان تێدا بووە. ئەم گۆڕانە بە بەڵگەیەکی نوێ بۆ تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو دێنە ئەژمارکردن دژی گەلی سووریا، چارهنووسی هەزاران کەسیش هێشتا نادیارە.
بەپێی هەواڵی ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەوەتەی ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ڕووخاوە، پەنجا گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەرانسەری سووریادا دۆزراونەتەوە. تێیاندا ڕوفاتی زیاتر لە ٢٨٦٥ قوربانی، لەنێویاندا ئافرەت و منداڵ، دۆزراونەتەوە. ئەم قوربانییانە، بەپێی زانیارییەکان، لەلایەن ڕژێمی پێشوو و میلیشیاکانیەوە کوژراون.
گۆڕە دۆزراوەکان لە دەڤەرەکانی دیمەشق، دەڕعا، حومس، حەما، ئیدلب، حەلەب، و دێرەزوور بڵاوبوونەتەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، زۆربەی ئەم گۆڕانە لە پارێزگای حومس بوون، بە ١٣ گۆڕ و ١٢٨٥ ڕوفات. ئەم گۆڕانە بە نیشانەی تاوان و کۆمەڵکوژی گەورە دادەنرێن، وەکو کوشتنی بەکۆمەڵ، ونکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان، و تەنانەت سووتاندنی زیندوو.
هەزاران کەس لە سووریادا هێشتا ونن و چارهنووسیان نادیارە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ مەزەندە دەکەن، نزیکەی ١٢٠ هەزار بۆ ٣٠٠ هەزار کەس لە سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەددا ونکراون. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە بەڵگەی باوەڕپێکراو کردووە هەندێک لە ونبووانی سووریا لەوانەیە هێشتا لە ژیاندا بن، داوای کرد هەنگاوی خێرا بنرێن بۆ دۆزینەوەیان.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای کردووە، لیژنەیەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ تایبەت بە سووریا و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و شەفاف دەربارەی ئەم کۆمەڵکوژییانە بکەن. هەروەها داوای کردووە، ناسنامەی قوربانییان ئاشکرا بکرێت و ڕوفاتەکانیان ڕادەستی خێزانەکانیان بکرێتەوە، تاوانبارانیش سزا بدرێن.
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، شاندێکی لیئافرەتەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، بۆ یەکەم جار سەردانی سووریای کرد و داوای پاراستنی شوێنەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەڵگەنامەکانی کرد. پاشان، لە ئابی ٢٠٢٥، کۆمسیۆنەکە سەردانی سێ شوێنی گۆڕی بەکۆمەڵ لە پارێزگاکانی لازقیە و تارتووسی کرد. ڕێکخراوی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ونبووانی سووریا، کە لە حوزەیرانی ٢٠٢٣ دامەزرا، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ توانراوە دەستی بە نێو وڵات بگات.

