ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی خێرای بەساڵاچوونی دانیشتووان دەبێتەوە، کە هۆشداری دەدرێت لەسەر کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سندووقەکانی خانەنشینی و توانای ئابووریی وڵات لە داهاتوودا.
مەجید فوولادیان، بەڕێوبەری ئەنجومەنی نیشتمانیی بەساڵاچووانی ئێران، هۆشداری دا بەوەی زیاد لە ١٢٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە ئێستا بەساڵاچوون. ئەو گوتی، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕێژەی بەساڵاچووان و گەنجان بگاتە یەک ئاست و دواتر ژمارەی بەساڵاچووان زیاتر دەبێت. ئەمەش وڵاتەکە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی کاریگەریی نەرێنی دەکاتەوە لەسەر توانای سندووقی دابینکردنی شایستە دارایییەکانی خانەنشینان.
سندووقەکانی خانەنشینی ئێستا لە دۆخێکی خراپدان و بەساڵاچوونی دانیشتووان فشارێکی زۆری خستووەتە سەریان. بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن، گەر پلانێکی درێژخایەن نەبێت، سندووقەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە و تەنانەت مایەپووچبوون دەبنەوە، ئەمەش توانای دابینکردنی مووچەی خانەنشینان لە داهاتوودا زۆر کەم دەکاتەوە.
بەڕێوبەری ئەنجومەنی نیشتمانیی بەساڵاچووانی ئێران دووپاتی کردەوە قەیرانی بەرزبوونەوەی ژمارەی بەساڵاچووانی وڵاتەکە بابەتێکی هەستیارە و چارەسەرکردن و دانانی پلانێکی درێژخایەن، پێویستی بە هاوکاریی پەرلەمان و هەموو دامەزراوە حکوومییەکانە. ئەو گوتی قەیرانەکە تەنها لە زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچوواندا نییە، بەڵکو لە خێرایی بەساڵاچوونی کۆمەڵگادا خۆی دەبینێتەوە، کە زۆر خێراترە لە خێرایی ئامادەبوونی سیستەمەکانی پشتگیری، ئابووری و کۆمەڵایەتی.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٤، نزیک ٥٠٠ هەزار کەس لە ئێران گیانیان لەدەستداوە. ئەم ژمارەیە یەک لەسەر دووی ئاماری لەدایکبوون لەو وڵاتەدا ئەژمار دەکرێت، کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ یەکەم جار بۆ خوار یەک ملیۆن دابەزیووە.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

