ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، لە کاردانەوەدا بەرانبەر بە دیداری داهاتووی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمریکا و چڕبوونەوەی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران و ئەگەری هێرشی دووبارەی ئەو وڵاتانە دژی ئێران، ڕایگەیاند، بەرنامەی مووشەکیی ئێران بۆ بەرگری لە وڵاتەکە پەرەی پێ دراوە و هیچ کاتێک دانوستانی لەسەر ناکرێت.
بەقایی گوتی، تواناکانی بەرگریی ئێران، کە بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژیکەران لە هەر چەشنە خەیاڵێکی هێرش بۆ سەر ئێران داڕێژراوە، بە هیچ شێوەیەک بابەتێک نییە بکرێ قسەی لەسەر بکرێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنەی لە دووڕوویی وڵاتانی ڕۆژاوا گرت. گوتی، لەلایەکەوە بەرنامەی مووشەکیی ئێران بە هەڕەشە دادەنرێت، لەلایەکی دیکەشەوە لێشاوی چەکوچۆڵی کوشتاری بەکۆمەڵ بۆ ڕژێمی زایۆنی دەنێردرێت، ئەو ڕژێمەی خەریکی جینۆسایدە و خاکی دوو وڵاتی داگیر کردووە و هەر لە چەند مانگی ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر حەوت وڵات. بەقایی جەختی لەوە کردەوە، ئەمە ناکۆکی و تێکچوونێکی ئەخلاقیی ئاشکرای تێدایە.
لەم لێدوانەدا بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، هێزە چەکدارەکانی ئێران توانای تەواویان هەیە بۆ پاراستنی وڵات لە هەر کاتێکدا پێویست بێت. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە گرژییەکان زیاد بوونە و لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا جەنگێکی دوازدە ڕۆژە ڕووی دا، تێیدا ژێرخانەکانی ئێران کرانە ئامانج و ئێران بە هێرشی مووشەکی و درۆن وەڵامی دایەوە.

