ڕووسیا لە پێش کریسمسدا، جارێکی تر بە توندی ئۆکرانیای کردە ئامانجی هێرشەکانی ئاسمانی. وڵادیمیر زیلینسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕایگەیاند لەم هێرشانەدا لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەست داوە، لە نێویاندا منداڵێکی چوار ساڵان.
زیلینسکی گوتی ڕووسیا بە درێژایی شەوی دووشەممە بە زیاتر لە ٦٥٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سی مووشەک هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئۆکرانیا و لانیکەم ١٣ دەڤەری ئۆکرانیا کاریگەریی ئەم هێرشانەیان بەسەردا کەوتووە. بە گوتەی زیلینسکی، لەم هێرشانەدا سێ کەس گیانیان لەدەست دا، کە یەکێکیان منداڵێکی چوار ساڵانە. هەواڵەکان باس لە برینداربوونی لانیکەم پێنج کەس لە دەوروبەری کیێڤ، پایتەختی ئۆکرانیا، دەکەن.
یولیا سویریدێنکۆ، سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا، گوتی بەهۆی ئەم هێرشانەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا “پچڕانی کتوپڕی کارەبا” ڕوویداوە و دامەزراوەکانی وزە لە ڕۆژاوا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
زیلینسکی ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە لێدوانێکدا دوای کۆبوونەوەی ئەرکانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، گوتبووی زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڕووسیا ڕەنگە لە ڕۆژانی ٢٣، ٢٤ و ٢٥ی کانوونی یەکەمدا هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرفراوان بکات.
زیلینسکی جارێکی تر ڕووسیای بە “بێ ئیرادە بۆ ئاشتی” ناو برد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، ئەم هێرشەی ڕووسیا، لە ڕاستیدا لە نێو گفتوگۆکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، “ئاماژەیەکی زۆر ڕوونە دەربارەی لەپێشینەکانی ڕووسیا”. سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا جارێکی تر داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، فشاری زیاتر بخەنە سەر ڕووسیا و زیادیشی کرد: “پووتین هێشتا ناتوانێت قبووڵ بکات پێویستە کوشتار ڕابگرێت. ئەمە واتای ئەوەیە جیهان بە پێی پێویست فشار ناخاتە سەر ڕووسیا. ئێستا کاتی وەڵامدانەوەیە.”

