ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، پۆڵەندا، وەک ئەندامێکی ناتۆ و هاوسنوور لەگەڵ ڕۆژاوای ئۆکرانیا، جارێکی دیکە فڕۆکەی جەنگی بەرز کردەوە بۆ پاراستنی حەرێمی ئاسمانیی خۆی، دوای شەپۆلێکی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا بۆ سەر ئامانجەکان لە نێو ئۆکرانیادا. فڕۆکەی هاوپەیمانانی ناتۆش لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشدار بوون. هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا ڕایانگەیاند ئەم هەنگاوە وەک ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی بووە و ئامانجی پاراستنی حەرێمی ئاسمانیی نەتەوەییە، بەتایبەتی لە دەڤەرەکانی نزیک سنووری ئۆکرانیا. بەرپرسان جەختیان کردەوە هیچ پێشێلکارییەک لە حەرێمی ئاسمانیی پۆڵەندادا تۆمار نەکراوە.
ڕووسیا ڕایگەیاند دامەزراوە سەربازی و وزەییەکانی لە ئۆکرانیا کردووەتە ئامانج و لەم هێرشانەدا “مووشەکی هایپەرسۆنیکی کینجاڵ”یش بەکارهاتووە. هەروەها وەزارەتی بەرگریی مۆسکۆ ڕایگەیاند هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا دوو گوندی تریان لە دەڤەرەکانی ڕۆژهەڵاتی خارکیێڤ و پارێزگای دنیپرۆپێترۆڤسک کۆنترۆڵ کردووە.
لە نێو گفتوگۆ دیپلۆماسییەکاندا، نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گفتوگۆی جیاوازدا لەگەڵ نوێنەرانی ئۆکرانیا و ڕووسیا، سەبارەت بە ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە جەنگێک گفتوگۆیان کرد کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە. ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزە و لۆجیستیی ئۆکرانیای چڕتر کردووەتەوە تا فشار لەسەر حکومەتی کیێڤ زیاد بکات.
مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، بەهێزکردنی ئۆکرانیای وەک پارێزەرێک بەرانبەر هێرشی ئەگەریی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەندامی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەبینێت. ڕووتە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ “ئاژانسی هەواڵیی ئەڵمانیا” (dpa) گوتی پێویستە هاوکات بەپێی بڕیارە دراوەکان لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە لاهای، تێچووی بەرگرییش زیاد بکرێت. سەرۆک وەزیرانی پێشووی هۆڵەندا جەختی کردەوە پرۆسەی پڕچەککردن و بەهێزکردنی توانای بەرگری دەبێت بە خێرایی ئەنجام بدرێت. بە گوتەی ئەو، ئەگەر نا ڕەنگە لە ساڵانی ٢٠٢٧، ٢٠٢٩ یان ٢٠٣١ بەدواوە ڕووبەڕووی “بارودۆخێکی مەترسیدار” ببینەوە.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

