ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بە هۆی هەڵمەتەکەی سەر ڤەنزوێلا، ئێستا دەوڵەت-نەتەوەکان لە مەترسیدا دەبن.
محەمەد ئوچووم، ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا بۆ کاروباری یاسایی، هەڵمەتەکەی ئەمریکای بەرانبەر بە نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا، وەک هێرشێکی ئیمپریالیستی ناوبرد و گوتی؛ پێویستە بەرانبەر هێرشی لەو شێوەیەدا هاوکاریی دەوڵەت-نەتەوەکان زیاتر ببێت.
ئوچووم هەروەها گوتی، بە هۆی هەڵمەتەکەی ئەمریکاوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان بێ واتابوون و سیستەمی نێودەوڵەتیش لەناوچووە. ئوچووم ڕایگەیاند، لە جیهاندا ئێستا شەڕی ئاشکرای هێزەکان هەیە و هیچ شتێکیش نییە هێزە هێرشکارەکان سنووردار بکات، ئاماژەی بەوەشدا، ڕووداوەکەی مادۆرۆیش نیشانی دەدات کە بەرانبەر بە هێز، پێویستە هێز بەکاربهێنرێت.

