پەرلەمانی ئێران، لە نۆیەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا کە بەهۆی گرانی و ڕێژەی بەرزی هەڵاوسانەوە لە تارانی پایتەخت دەستی پێ کرد، خاڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی نوێی پەسند کرد. ئەم پڕۆژەیە زیادکردنی مووچە بە شێوەی پلیکانەیی لە ٢٠ بۆ ٤٣٪ و کەمکردنەوەی باجی داهات لە ١٢ بۆ ١٠٪ لەخۆ دەگرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، ناوەندەکانی مافی مرۆڤی ئێران ڕایانگەیاندووە، لە نۆ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٩ خۆپیشاندەری ناڕازی کوژراون و نزیکەی هەزار کەسیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
یەکێک لەو شارانەی زۆرترین توندوتیژی تێیدا ڕووی دا، شارۆچکەی مەلەکشاهی لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە چوار کوژراوی لێ کەوتەوە. هێزە ئەمنییەکانیش بۆ دەستگیرکردنی برینداران هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی لە ئیلام.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و وەزیری تەندروستیی ئێران، تیمێکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەکە ڕاسپاردووە.

