سوپای پاکستانی ڕایانگەیاند لە دەروازەی سنووریی “تۆرخەم” لەگەڵ ئەفغانستان، دەستیان بەسەر زیاتر لە ٢١ هەزار گولـلەی جۆراوجۆر و تەقەمەنیدا گرتووە.
بەپێی میدیاکانی پاکستان، ئەم بڕە چەکە لە کاتی پشکنین لە وێستگەی گومرگی تۆرخەم دۆزراوەتەوە؛ کاتێک کارمەندان گومانیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە کە لە ئەفغانستانەوە هاتووەتە ژوورەوە و بۆ پشکنینی تیشکی (سکان) ڕەوانەی تێرمیناڵیان کردووە.
پشکنینەکان دەریانخست گولـلەی ڕەشاش و تفەنگ بەشێوەی شاراوە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا جێگیر کرابوون.
لە بەیاننامەی “دەستەی داهاتی فیدراڵیی پاکستان”دا هاتووە: “بەرپرسانی گومرگ لە تۆرخەم هەوڵێکی گەورەی قاچاخی چەک و تەقەمەنییان بۆ ناو پاکستان پووچەڵ کردەوە و دەستیان بەسەر زیاتر لە ٢١ هەزار فیشەکی ڕەشاش و تفەنگ و چەکی دیکەدا گرت.”
لە درێژەی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە: “ئەم ڕووداوە وەک هەوڵێکی ئەنقەست و ڕێکخراو بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی و ئاسایشی نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؛ پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و ڕێکاری یاساییی توند دەگیرێتە بەر.”
بەرپرسانی پاکستان ڕایانگەیاند کارمەندانی گومرگ لە هەماهەنگیدان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بۆ لێکۆڵینەوە لەم هەوڵە شکستخواردووەی قاچاخچێتی.
پەیوەندییەکانی پاکستان و حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان ئاڵۆزە؛ دوو دراوسێ کە ساڵی ڕابردوو شاهیدی داخستنی سنوورەکان و پێکدادانی ئەمنی لەسەر سنوورە هاوبەشەکانیان بوون. ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی جموجووڵی بازرگانی و زیادبوونی چاودێری لەسەر هاتووچۆی سنووری.
دەروازەی تۆرخەم یەکێکە لە قەرەباڵخترین دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بە خاڵێکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی کاڵای بازرگانی دادەنرێت.

