zagros news agency

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکات

لەسەر داوای ئەمریکا، بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە کاتی ئەمریکا ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ “خستنەڕووی ڕوونکردنەوە لەبارەی دۆخی ئێران” کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ساز بدات.
جگە لە ئەمریکا، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیش لە بەیاننامەیەکدا داوای کردووە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپەلە کۆ ببێتەوە، تاکوو ڕێگری لە “کوشتاری زیاتر لە ئێران” بکرێت.
ئەم ڕێکخراوەیەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند بۆ ئەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بزانن پارێزبەندیی یاسایییان کۆتایی هاتووە، پێویستە هەنگاوی دیپلۆماسیی جیهانی بنرێت.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتی خۆیدا بەڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە ڤیدیۆ پشتڕاستکراوەکان و ڕاپۆرتە متمانەپێکراوەکانی شایەتحاڵەکان لە ئێران، باس لە کوشتاری بەرفراوانی نایاسایی لە ئاستێکی بێوێنەدا دەکەن.
بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و ڕێگەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران، ژمارەی وردی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان هێشتا ڕوون نییە؛ بەڵام ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە، ئێوارەی ٢٤ی بەفرانبار ڕایگەیاند لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە لە دژی حکوومەت لە ئێران، لانی کەم ٣ هەزار و ٤٢٨ خۆپیشاندەر کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هۆشدار دەدەن ژمارەی قوربانییان ڕەنگە بگاتە هەزاران کەس.
هاوکات ٦٠ پارێزەریش بە ناردنی نامەیەک بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای دەستێوەردانی خێرای ئەم دامەزراوەیەیان کردووە لە بەرانبەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران.
واژۆکەرانی ئەم نامەیە ئەندامی کانونەکانی پارێزەرانی ئێران، فەڕەنسایی، ئەمریکایی، ئەڵمانیایی، تورکیایی و ئۆکراینایین و داواکارییەکەیان لەسەر بنەمای “بەرپرسیارێتیی پاراستن” یان (R2P) لە یاسای نێودەوڵەتیدا خستووەتە ڕوو.
بەپێی ئەم بنەمایە، ئەگەر حکوومەتێک نەتوانێت یان نەخوازێت خەڵکی خۆی لە جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی و کوشتاری بەکۆمەڵ بپارێزێت، ئەوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارە دەستێوەردانی بەپەلە بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

نوێنەری حكوومەت لە بەغدا: ئەگەر مامەڵەی سیاسی نەكرێ، مووچە هیچ كێشەیەكی نییە و دەنێردرێت

یاسین

هه‌ولێر.. نۆژەنكردنەوە و قیرتاوکردنی رێگای سەرەکیی دۆڵى سماقووڵی ده‌ستی پێكرد

یاسین

سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان دەكرێت

سەڵاح