zagros news agency

زریان لە ئەمریکا؛ گیانی لە چەندین کەس ئەستاند و کارەبای سەدان هەزار ماڵی بڕێ

زریانێکی زستانیی کەموێنە لە بەشێک لە ویلایەتەکانی باشوور و ڕۆژاوای ناوەڕاستی ئەمریکا، بووەتە هۆی بڕانی کارەبای زیاتر لە یەک ملیۆن ماڵ و بەشێکی زۆری وڵاتەکەی ڕووبەڕووی دۆخی لەناکاو کردووەتەوە.
لای کەم ١٢ ویلایەت دۆخی کارەساتیان ڕاگەیاندووە و بەرپرسانی فریاگوزاریش هۆشداری دەدەن دۆخەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەختتر دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی «پاوەر ئاوتەیج» کە داتاکانی تایبەت بە بڕانی کارەبا لە کۆمپانیاکانی دابەشکردنی وزە لە سەرانسەری ئەمریکا کۆ دەکاتەوە و بڵاوی دەکاتەوە، زۆرترین بڕانی کارەبا لە ویلایەتەکانی تەکساس، لویزیانا و میسیسیپی تۆمار کراوە.
هاوکات لە شاری نیویۆرک پێنج کەس و لە لویزیانا دوو کەس بەهۆی سەرما و دابەزینی مەترسیداری پلەی گەرمیی لەشەوە (حیپۆتێرمیا) گیانیان لە دەست داوە.
زریانەکە هەروەها گەشتە ئاسمانییەکانی پەک خستووە؛ لە ڕۆژی ڕابردووەوە زیاتر لە ١١ هەزار و ٥٠٠ گەشت هەڵوەشاونەتەوە و لە فڕۆکەخانە سەرەکییەکانی وەک واشنتۆن، نیویۆرک و فیلادێلفیا نزیکەی تەواوی گەشتەکان ڕاگیراون. هەروەها ژمارەیەک لە ڕێگە خێراکان بەهۆی بەستن و کەمبوونەوەی مەودای بینینەوە داخراون.
بارینی بەفر و تەرزە ئێستا گەیشتووەتە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا و ویلایەتەکانی وەک نیویۆرک و واشنتۆن خۆیان بۆ دۆخی لەناکاو ئامادە دەکەن. پێشبینییەکان باس لە دابەزینی پلەی گەرمی بۆ ٤٠ پلەی ژێر سفر دەکەن و شارەزایان ئەم زریانە بە یەکێک لە سەختترین زریانە زستانییەکانی ساڵانی ڕابردوو وەسف دەکەن.
ئاژانسی بەڕێوەبردنی فریاگوزاریی فیدراڵی (FEMA) ڕایگەیاندووە کەرەستەی فریاگوزاری لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان جێگیر کراون و تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە دۆخی ئامادەباشیدان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر دەکات

سەڵاح

پارێزگاری هەڵەبجە :سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ هەڵەبجە، گرنگ و پێویست بوو

یاسین

ئیسرائیلییەکان بەجلی پرتەقاڵی زیندانیان داوای درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکەن

سەڵاح