بەپێی ڕاپۆرتی میدیا حکوومییەکانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی کانوونی دووەم، بازاڕی دراوی ئەو وڵاتە بازدانێکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی. نرخی دۆلار بەراورد بە ڕۆژی ڕابردوو ٥ هەزار و ٦٠٠ تمەن بەرز بووەوە و گەیشتە ١٥٠ هەزار و ٢٠٠ تمەن، بەمەش بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی تۆمار کرد.
شارەزایانی ئابووری ئاماژەیان بەوە کرد بەردەوامیی مەترسییە سیاسییەکان و پەرەسەندنی ناسەقامگیریی ناوخۆیی و ئەگەری گرژیی سەربازی دەتوانن ڕەوتی بەرزبوونەوەی بەهای دراو لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەهێزتر بکەن. ئەوان هۆشدارییان دا لە نەبوونی ئاسۆی ڕوون و سیاسەتی کۆنترۆڵکردندا گوشار بۆ سەر بازاڕی دراو هەر بەردەوام دەبێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم بازدانەی دراو و لە کاتێکدا بەهای ئۆنسەی جیهانیی زێڕ لە سنووری ٥١٠٠ دۆلاردا جێگیر بووە، بازاڕی زێڕ و سکەش ڕووبەڕووی هەڵبەز و دابەزینی توند بووەوە. بەپێی زانیارییەکان، نرخی هەر گرامێک زێڕی ١٨ عەیار گەیشتە نزیکەی ١٨ ملیۆن تمەن.
ئەم گۆڕانکارییانە لە دۆخێکدا ڕوویان داوە پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت دەستڕاگەیشتنی بازرگانان بە زانیارییەکان و ئەنجامدانی مامەڵە و تەنانەت ڕەوتی ئاساییی کاروکاسبیی تووشی کێشەی جیدی کردووە.
چالاکانی بازاڕ دووپاتیان کردەوە لە دۆخێکدا ئابووریی وڵات لەژێر گوشاری شۆکی یەک لە دوای یەکدایە، سنووردارکردنی پەیوەندییەکان و پچڕانی ئینتەرنێت بارێکی قورس دەخاتە سەر چالاکیی ئابووری و بژێویی خەڵک.

