شەوی ڕابردوو محەممەد کوڕی عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، بە سەردانێکی پێشوەختە ڕانەگەیەندراو گەیشتە تاران.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بەم سەردانە لەناکاوە گوتی: محەممەد کوڕی عەبدولڕەحمان ئال سانی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران کۆ بووەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری کردووە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان لە تاران لەگەڵ عەلی لاریجانی جەختیان لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا کردووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، ڕایگەیاند هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا خەریکی دانوستانن و چاوەڕوانن بزانن چی ڕوو دەدات. دۆنالد ترەمپ گوتیشی: ئێران لەگەڵیان گفتوگۆ دەکات و دواتر دەردەکەوێت ئایا دەتوانن کاری باشتر ئەنجام بدەن یان نا، ئەگەر نەکرا دەبینن چی ڕوو دەدات.

