وەزارەتی نێوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هەڵمەتەکانیان لە دژی بەرهەمهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، لە پارێزگاکانی وان و جۆڵەمێرگ لە باکووری کوردستان، دەستیان بەسەر زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، کە هاوپێچ لەگەڵ دیمەنی هەڵمەتەکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، هەڵمەتەکان لەلایەن فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای وان و هەکاری و بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری ئەنجام دراون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بە گشتی دەست بەسەر ٤٠٦ کیلۆ ماددەی هۆشبەر و دوو هەزار و ٥٤٠ حەبی هۆشبەردا گیراوە”. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، لە بەرهەمهێنەرانەوە تا بازرگانان، بە ڕژدی بەردەوام دەبێت.
پارێزگاکانی وان و جۆڵەمێرگ بەهۆی هاوسنوورییان لەگەڵ ئێران، بە یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر (بە تایبەت ئەو ماددانەی لە ئەفغانستانەوە دێن) بۆ ناو تورکیا و پاشان بۆ ئەورووپا دادەنرێن. ئەم هەڵمەتانە بەشێکن لە هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هێڵە قاچاخە نێودەوڵەتییە.

