مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) سەبارەت بە ئەنجامی دانوستانەکان نووسیویەتی، لە دانوستانەکاندا پێشنیاری زانستی ئاڵوگۆڕ کراون و نیشانەکان هیوابەخشن. پزیشکیان ئاماژەی بەوەش داوە کە تاران پابەندی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، بەڵام سەبارەت بە جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا هۆشداریی دا و ڕایگەیاند: “جمووجۆڵەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە و بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەن”.
ئەم قسانەی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دواین لێدوانی خۆیدا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن لە جنێڤ بەڕێوە دەچێت و کار لەسەر پێشنیاری ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکەن. عێراقچی لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا و گوتی: “ڕاستە مووشەکەکانمان ناگەنە خاکی ئەمریکا، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان، هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەینە ئامانج”.
دانوستانەکانی جنێڤ بەشێکن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ زیندووکردنەوە یان هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)، کە ئامانجی سەرەکیی کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێرانە لە بەرانبەر سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم. ئەم هەڕەشە و بەڵێنانە وەک کارتێکی گوشار لەسەر مێزی گفتوگۆکان بەکار دەهێنرێن.

