ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی دووپاتی کردەوە کە کەمپی “هۆل” بە تەواوی هەڵوەشێنراوەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە تەنها یەک گرووپی تری ماوە کە لە داهاتوودا دەگوازرێنەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە 4 گرووپی تەکنیکی نێودەوڵەتی، نیشتمانی و حکومەتی هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خێزانەکانی کەمپی هۆل.
سەعید جیاشی، ڕاوێژکاری کاروباری ستراتیژی لە ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی ڕایگەیاند: “ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی لە کاتێکی زووەوە کاری لەسەر دۆسیەی کەمپی هۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووە؛ بە جۆرێک کە 32 گرووپ (وەجبە) گوازراونەتەوە کە پێکهاتوون لە زیاتر لە 5600 خێزان (نزیکەی 22 هەزار کەس). ئەمە لە چوارچێوەی ڕێکارە ئەمنییە، یاسایی و مرۆییەکان بووە کە ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی لەگەڵ گروپەکانی تر سەرپەرشتی دەکات، و پرۆسەکە سەرکەوتنی خۆی سەلماندووە و بووەتە ژمارە یەک لە جیهاندا.”
هەروەها وتیشی: “دۆسیەی کەمپی هۆل مامەڵەی لەگەڵ کراوە و هەڵوەشێنراوەتەوە، عێراق لەم بابەتەدا سەرکەوتوو بووە و تەنها یەک گرووپی تر لە هۆل ماون کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەگوازرێنەوە.”
ئاماژەی بەوەش کرد: “چوار گرووپی تەکنیکی نێودەوڵەتی، نیشتمانی و حکومەتی چاودێری ئەم خێزانانە دەکەن؛ گرووپی یەکەم لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، گرووپەکانی تریش وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و وەزارەتی کار لەخۆ دەگرن، هەر یەکەیان بەپێی پسپۆڕیی خۆی. گرووپێک تایبەتە بە منداڵان، یەکێکی تر بۆ پرسە یاساییەکان و یەکێکی تریش بۆ دووبارە ڕاهێنانەوە و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە؛ ئەمانە ڕێکاری تەواو و تێروتەسەلن و ئەنجامی باشیان هەبووە.”

