سوپای ئیسرائیل بە فەرمی هێرشكردنە سەر كۆمەڵگەی سەركردایەتیی ئێرانی رایگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو شوێنەی هێرشیان كردووەتە سەر، گرنگترین بارەگای سیستەمی ئێران و لە هەموویان ناوەندیترە.
بە گوێرەی راگەیاندراوێكی سوپای ئیسرائیل، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە راسپاردەی دەستەی هەواڵگریی سەربازی، شەوی رابردوو هێرشێكیان كردووەتە سەر باڵاخانەكانی كۆمەڵگەی سەركردایەتیی ئێران لە نێوجەرگەی تاران.
ئەوەش خراوەتە ڕوو كە دەیان مووشەك و تەقەمەنی خراوەتە سەر دیوانی سەرۆكایەتی، باڵاخانەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، كۆمەڵگەی بەستنی كۆڕبەندی باڵای سیستەمی ئێران كە بەرپرسە لە دەركردنی بڕیارە ئەمنییەكان، لەگەڵ پەیمانگەی ئامادەكردنی ئەفسەرانی سوپای ئێران.
باسی لەوەش كردووە كە كۆمەڵگەی سەركردایەتیی سیستەمی ئێران، یەكێكە لە پارێزراوترین پێگەكانی ئێران كە دەڕوانێتە سەر زۆر شەقام لەنێو دڵی تاران كە بەردەوام سەركردەكانی سیستەمی ئێران و فەرماندە ئەمنییە باڵاكان دەچوونە ئەو شوێنە.
سوپاكە بانگەشەی ئەوەشی كردووە كە هەندێك جار لەم كۆمەڵگەیەوە پرۆژەی ناوەكیی ئێران ئاراستە كراوە و لەژێر باڵاخانەكەدا ژێرخانێك هەبووە كە بۆ ئیدارەدانی هێرشەكان لە دژی ئیسرائیل بەكار هێندراوە، جگە لەوەی لەوێوە گرووپ و لایەنەكانی سەر بە ئێران ئاراستە كراون.

