لە ڕووداوێکی کەم وێنەدا، خۆپێشاندەرانی کوبا هێرشیان کردە سەر نووسینگەیەکی ناوخۆیی پارتی کۆمۆنیست و کەلوپەلەکانیان لە ناو شەقامدا سووتاند. میگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا، وێڕای سەرکۆنەکردنی توندوتیژییەکان، دانی بەوەدا نا کە بەهۆی بڕانی بەردەوامی کارەبا و تەنگژەی دارایییەوە ناڕەزایەتییەکی زۆر لە ناو خەڵکدا هەیە. ناوبراو گەمارۆکانی ئەمریکای بە هۆکاری ئەم قەیرانە ناو برد. بەهۆی تێکچوونی باری ئابووری و کەمیی خۆراک و دەرمان، حکوومەتی کوبا بۆ یەکەمجار ڕایگەیاند کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا گفتوگۆیان کردووە.

